نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەردانی ئیمارات دەکات و لەگەڵ جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
لەو سەردانەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان، جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان و شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهەیان، وەزیری دەرەوە و گەورە بەرپرسانی دیکەی ئیمارات کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، لە دیداری مەسرور بارزانی و بەرپرسانی باڵای ئیماراتدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئیمارات و پتەوکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگیی و هاریکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەکرێت.
سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئیماراتی یەکگرتوو، دوای دوو هێرشی حوسییەکانی یەمەن دێت بۆسەر ئەو وڵاتە.