یەك لیتر بەنزینە حكومییەكەی كار نادرێت بە سلێمانی
بڕی غازی پێویستی تایبەت بە هاوڵاتییان ناگاتە سلێمانی و دەدرێتە بازرگانی

ئەو بەنزینەی حكومەت لەڕێگەی پاڵاوگەی كۆمپانیای كاری پارتییەوە بەرهەمیدەهێنێت، یەك لیتری بۆ سلێمانی نایەت

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کێشەی غاز ‏پەیوەندیدارە بە نەگەیاندنی بڕەغازی تایبەت بە هاوڵاتییان و بردنی بۆ بازرگانی و ‏گەندەڵی، ئەوە جگە لەوەی .‏

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەمان لەسەر دابەشکردنی ‏نەوتی سپی، گرانبوونی گازوایل کە هۆکارێکە بۆ گرانبوونی کرێی مۆلیدە ئەهلییەکان، ‏هەروەها قەیرانی غاز بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی کردووە.‏

بەپێی بەدواداچوونی سەرۆکی لیژنەی وزە، “تائێستا 69 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ‏دابەشکراوە، لەکاتێکدا بۆ هەر ماڵێکی کوردستان ئەگەر بەرمیلێک نەوت وەربگرێت، ‏هەموو هەرێمی کوردستان پێویستی بە 259 ملیۆن لیتر نەوت دەبێت، واتە تائێستا ‏‏75%ی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە”.‏

‏”لەکاتێکدا ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستا نەوت دابەشبکرێت، وەرزی سەرما کۆتاییدێت و ‏نەوت بەتەواوی ناگاتە هاوڵاتییان”، عەلی حەمەساڵح وادەڵێت.‏

سەبارەت بە کێشەی بەنزین وتی، “ئێستا جگە لەو بڕە بەنزینەی لە بەغدادەوە دێت، ئەو ‏بەنزینەی لە پاڵاوگەی (کار) دەپاڵێورێت 950 هەزار بەرمیلە لەڕۆژێکدا، ئەمە بە ‏دادپەروەری مامەڵەی پێوەناکرێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەدرێت بە ‏دوو کۆمپانیا و ئەوان مامەڵەی پێوەدەکەن لەبازاڕدا”.‏

عەلی حەمەساڵح هەر لەبارەی بەنزینەوە ئاشكرایكرد، “یەک ساڵە داوادەکەین، بەڵام ‏ئامادەنین یەک لیتر بەنزینی حكومەت، كە دراوە بە كار، بدەن بە سلێمانی، بۆیە داوامان ‏کردووە ئەو بەنزینەی لە عێراقەوە دێت، لەگەڵ ئەو بەنزینەی ناوخۆ، نزیکەی دوو ملیۆن ‏لیتر بەنزین دەبێت بە دادپەروەری دابەشبکرێت بەسەر هەموو هەرێمی کوردستاندا، بەوە ‏تاڕادەیەک کێشەی بەنزین چارەسەر دەبێت”.‏

سەرەڕای ئەوەش، بەپێی وتەی پەرلەمانتارەكە، “ژمارەیەک شوێنی بێمۆڵەت جۆرە ‏بەنزینێکی 690 دیناری دەفرۆشن، کە نە بەنزینی عێراقە، نە بەنزینی کارە، جۆرێکی ‏زۆر خراپ و کوالێتیی نزم و مەترسیدارە، لەگەڵ ئەوەی داوامانکردووە ئیجرائاتیان ‏لەگەڵ بکرێت دابخرێن و سزابدرێن، بەڵام ئێستاش هەر هەن و ئەو جۆرە بەنزینە ‏دەفرۆشن”.‏

سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان باسی لە کێشەی غازیش کرد و وتی، ئێستا ‏بەرهەمی ڕۆژانەی غاز 50 تانکەرە، کە دەکاتە نزیکەی 1050 تۆن، 10 تانکەری بۆ ‏دهۆک و 15 تانکەری بۆ هەولێرە و نزیکەی 15 تەنکەریشی بۆ سلێمانییە، لە هەولێر ‏هەموو ڕۆژێک دەبێت 24 هەزار و 990 بوتڵی غاز بگات، سلێمانی دەبێت ڕۆژانە 24 ‏هەزار بوتڵ بگات و نزیکەی 16 هەزار و 60 بوتڵ بگاتە دهۆک.‏

عالی حەمەساڵح ڕوونیشیكردووەتەوە، ئەو غازە 40 تانکەری بۆ هاوڵاتییە و 10ی بۆ ‏بازرگانییە، کێشەی غاز بەهۆی ئەوەوەیە کە بڕی 40 هەزار بوتڵ غازەکەی هاوڵاتییان ‏وەک خۆی ناگات، بەشێکی بەڕێگەی بازرگانی و گەندەڵی دەبردرێت، بەدڵنیایی کۆنترۆڵی ‏ئەم بڕە بکرێت و بە ڕێکوپێکی بگاتە خەڵک، شتێک نامێنێت لە هەرێمی کوردستان ‏بەناوی کێشەی غاز.‏

بابەتی پێشتر

کێ دەتوانێت نگانۆی زەبەلاح بکوتێت بەزەویدا؟

بابەتی دواتر

دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share