وەزارەتی دادی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ڕێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە گرێبەستی ئەلیكترۆنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە چەند بڕگەیەكدا پێچەوانەی یاسای هاتوچۆ و یاسای دادنووسی-یە.
وەزارەتی دادی هەرێم لە نووسراوێكدا كە بە ژمارە (190) ئەمڕۆ 23ی كانونی دووەم بە واژووی فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە، تیایدا دەڵێت، ڕێنمایی ژمارە (3)ی ساڵی 2021 تایبەت بە گرێبەستی ئەلیكترۆنیی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل پێچەوانەی بەشی (5)ی بڕگەی (1) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (86)ی ساڵی 2004ی هەمواركراوی بەركارە لە هەرێمی كوردستان.
دەشڵێت، “گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە گرێبەستە شكلییەكانە دەبێت تەنها لە فەرمانگەكانی هاتوچۆ تۆماربكرێت، هەر گرێبەستێك لە دەرەوەی فەرمانگەكە ئیعتباری یاسایی بۆ ناكرێت”.
لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەدا وەزارەتی داد دەڵێت، ڕێنماییەكە ڕۆڵی بریكارنامە (وكالة) ناهێڵێت، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی (46)ــە لە یاسای دادنووسی ژمارە (33)ی ساڵی (1998)ی هەمواركراو، كە دەڵێت، (سەنەدە نووسراو و پەسەندكراوەكانی دادنووسی هێزی جێبەجێكردنیان هەیە).
دووپاتیشیدەكاتەوە، ڕێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆ جگە لەوەی دژی یاسای شارستانیی عێراقی ژمارە 40ی ساڵی 1951ی هەمواركراوە، كە هەر كەسێك مافی پێدانی بریكارنامەی هەیە بە یەكێكی تر كە كاری یاسایی پێبكات.
وەزارەتی داد داواش لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكەدا بكات.