بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان ئاشکرایکرد، دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەستپێدەکاتەوە و بۆ هەر ناوچەیەکیش بەنزینخانەیەك دیاریكراوە بۆ دابەشكردنی نەوتەكە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەستپێدەکاتەوە، کە بڕەکەی 200 لیترە، نرخەکەشی 90 هەزار دینارە.
پێشتر یەك بەرمیل نەوت بە 55 هەزار دینار بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرا، بەڵام ئەو نەوتەی ئێستا دابەشدەكرێت لە عێراقەوە هاوردەكراوە و نرخی گواستنەوەی چووەتە سەر و بە 90 هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتییان.
دابەشكردنی نەوتەكە لە گەرمیان لەكاتێكدایە، پێشتر كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانی سروشتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندبوو، حكومەت بڕیاریداوە نەوت لە گەرمیان دابەشنەكات، بەو پێیەی ناوچەیەكی گەرمە.
پرسی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوام جێی ڕەخنەی هاوڵاتییان بووە، بەوەی حكومەت نەیتوانیوە ساڵی لانی كەم یەك بەرمیل نەوت بداتە هەر خانەوادەیەك، بەتایبەت بۆ ئەمساڵ چەند شەپۆلێكی سەرما و بەفربارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە و پلەكانی گەرما لە زۆربەی ناوچەكان بۆ ژێر سفر دابەزین.
ئەمە لەكاتێكدا لەكاتی دەستبەكاربوونی و دواتریش، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەڵێنیدا بۆ وەرزی سەرما هەموو ماڵێكی هەرێمی كوردستان بەرمیلێك نەوت وەربگرێت و خۆشی ماڵ بە ماڵ بگەڕێت بۆ دڵنیابوونەوە.