خاكی داگیركراو و زەیتوونی دزراو
چوار ساڵ بەسەر دەستپێكی داگیركاریی عەفرین تێدەپەڕێت

لەلایەن سەربازانی توركیا و گروپە چەكدارەكانەوە نزیكەی 400 هەزار دار سوتێندراون

چوار ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، 1/20، هێزەكانی سوپای توركیا بە ‏هاوكاریی گروپە چەكدارەكانی نزیكی ئەو وڵاتە هێرشی ئاسمانی و زەمینییان بۆسەر عەفرین ‏دەستپێكرد، چوار ساڵ دوای ئەو هێرشانە، شارەكە بەدەست گۆڕینی دیمۆگرافیا، ‏لەناوبردنی هاوڵاتییان و دارستانەكانەوە دەناڵێنێت.‏

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای توركیا و ئەو گروپانە و شەڕڤانانی كورد لە ‏ڕۆژئاوای كوردستان، دوای دوو مانگ، بە داگیركردنی عەفرین كۆتاییهات.‏

لەو ماوەیەدا سوپای توركیا و گروپەكانی یاوەری چەندین هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا، ‏ناچاركردنی هاوڵاتییانی ڕەسەن بە جێهێشتنی شوێنەكانیان لەڕێی ڕفاندن و كوشتنی ‏هاوڵاتییانی مەدەنی و شێواندنی دارستان و ناوچە سەوزەكان ئەنجامداوە.‏

بەپێی ئامارێك، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا 686 هاوڵاتیی مەدەنیی عەفرین كوژراون ‏و هەشت هەزار و 455 هاوڵاتیش ڕفێندراون، نیوەی زیاتری ئەوانەی ڕفێندراون ‏چارەنووسیان نادیارە.‏

پێشتر ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤەوە ‏بڵاویكردبووەوە، لەنێو ئەو 686 كوژراوەی عەفریندا، 88یان لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان ‏لەدەستداوە.‏

هەروەها لانیکەم 96 ژن لەلایەن هێزە چەكدارەكانی هاوپەیمانیی توركیاوە کوژراون، ‏لەوانە حەوتیان بەهۆی ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێكسییەوە خۆیان کوشتووە، ئەمە ‏جگە لەوەی چەكدارە ئیسلامییە هاوپەیمانەكانی توركیا دەستدرێژییان کردووەتەسەر 71 ‏ژن.‏

بەگوێرەی ڕاپۆرتی فورات نیوز، بەر لە داگیرکردنی عەفرین 96٪ی دانیشتووانەکەی ‏کوردبوون، بەڵام ئێستا ڕێژەی کورد لەو شارە تەنها 23٪یـە، هاوکات لەکۆی 15 هەزار ‏عەلەوی، تەنها 200 کەس و لە 25 هەزار ئێزدی، تەنها دوو هەزاریان لە عەفرین ‏ماون.‏

ئێستا نزیكەی 75%ی دانیشتووانی عەفرین زۆرینەیەكی عەرەبی هاوردەكراو و ‏كەمینەیەكی توركمانی هەوردەكراون، كورد بووەتە كەمینە لە شارەكەدا، ئێزدی و ‏عەلەوییەكانیش نزیكن لە سڕینەوە.‏

سەبارەت بە دار و دارستانەكانی عەفرین، ئامارێك ئاشكرایدەكات كە تائێستا لەلایەن ‏سەربازانی توركیا و گروپە چەكدارەكانەوە نزیكەی 400 هەزار دار سوتێندراون و ‏سەدان هەزاریش بڕدراونەتەوە.‏

چەكدارەكان دوای بڕینەوەی دارەكان لە گوندەكانی وەك ساتیا و گۆزێ لە ناوچەی ‏جندرێس، لە بازاڕەکانی عەفرین وەک داری خەڵوز دەیفرۆشن، بەشێك لەوانە ئەو دار ‏زەیتوونانەن كە ناوچەكەیان پێدەناسرێتەوە.‏

توركیا و چەكدارە گرێدراوەكانی زیانی زۆریان بە باخەكانی زەیتوون لە عەفرین داوە، ‏توركیا بەشێكی زۆری بەرهەمی زەیتوونی جوتیارانی كوردی عەفرین بۆ خۆی دەبات و ‏بەكاریاندەهێنێت بۆ دروستكردنی ڕۆنی زەیتوون و بەرهەمەكانی دیكەی دروستكراو لە ‏زەیتوون.‏

لەم چەند ساڵەی داگیركاریی توركیا بۆسەر عەفرین، توركیا ساڵانە بایی نزیكەی 50 ‏ملیۆن دۆلار زەیتی زەیتوونی دزراوی عەفرینی بە ئەوروپا فرۆشتووە.‏

بابەتی پێشتر

فەرمانی دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی 2016-2017 دەرچوو

بابەتی دواتر

بەرهەم ساڵح کارنامەی 12 باڵیۆزی نوێی لە عێراق وەرگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share