دوای سەردان و بڕیاری قوباد تاڵەبانی، پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی سەرای كفری دەستیپێكرد.
دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سەردانی قەزاى کفرى کرد و شوێنەوارى دێرینی سەراى کفرى بەسەرکردەوە و لە کەموکورتییەکانی کۆڵییەوە و بەڵێنی نۆژەنکردنەوەى-دا، لەئێستادا و بۆ پاراستنی مێژوو و کەلتوور و شارستانیەتی دێرینی کفری و بەدەنگەوەهاتنی داواکارى بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان، دەستكرا بەكارەكانی نۆژەنکردنەوەى ئەو بینایە.
بەپێى بڕیارەکەى قوباد تاڵەبانی هەردوو نهۆمى باڵەخانەکە نۆژەندەکرێتەوە لەسەر شێوازی دێرینی خۆی و پێداویستییەکانی بۆ دابیندەکرێت، بەشێوەیەک کە هاوتاى ئەو مێژووە بێت کە سەراى کفرى پێناسراوە.
پێشتر شەماڵ نامق، قائیمقامی قەزای كفری لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، قوباد تاڵەبانی بڕیاریداوە پارەی پێویست بۆ نۆژەنكردنەوەی سەرا و چەند پرۆژەیەكی قەزاكە تەرخانبكرێت.
وتیشی، “بڕی ئەو پارەیەی تەرخانكراوە بریتییە لە 400 ملیۆن دینار، كە لەو بڕە 270 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی سەرای كفری دەبێت”.
سەراى کفرى کەوتۆتە بەرى ڕۆژئاوای کفری و لەساڵى 1919 لەسەر ڕووبەرى 374 مەتر دووجا دروستکراوە، جگە لەوەى وەک شوێنەوارێکی دێرین لێى دەڕوانڕێت سەراى کفری تا کۆتایی ساڵانی حەفتاى سەدەى ڕابردوو دادگاى کفری و چەند فەرمانگەیەکی تری لەخۆگرتبوو.