جوتیار عادل: وەزارەتی دارایی بڕیار لەبارەی مووچەی مانگی یەك دەدات

جوتیار عادل

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان ڕادەگەیەنێت و سەبارەت بە مووچەی ئەم مانگەش دەڵێت، وەزارەتی دارایی بڕیاری لەبارەرەوە دەدات.

جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، ڕێكاره‌كانی ناردنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە ته‌واوبوون و سبه‌ینێ ده‌خرێته‌سه‌ر ئەژماری وه‌زاره‌تی دارایی و مووچه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و وه‌زاره‌ت و داموده‌زگایانه‌ی ماون دابه‌شده‌كرێت.

دەربارەی مووچەی ئەم مانگەش وتی، “وه‌زاره‌تی دارایی ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی یه‌ك ده‌دات كه‌ له‌ داهاتوودا چۆن و به‌چ شێوازێك ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وله‌ویه‌ت له‌لای حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا بدرێت و دوانه‌كه‌وێت”.

دەربارەی حاڵەتە نوێیەكانی ئۆمیكرۆن لە هەرێم بەگشتی و سلێمانی بەتایبەت جوتیار عادل ئەوەی خستەڕوو، چاوەڕوانی ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم ده‌كه‌ن، لەلایەن لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆناشەوە ڕێككار و بڕیاری پێویست دەگرنەبەر.

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەلایەن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كانەوە ده‌ستكراوه‌ به‌ ئاماده‌كردنی بودجه‌ی 2022، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات و ئیمكانییه‌تی حكومه‌ت هه‌بێت درێغی ناكه‌ین له‌ دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ و وتی، “داهاتی حكومەت دیارە و خەرجی حكومەتیش دیارە، بۆیە دەبێت هاوسەنگییەك هەبێت، وەكو حكومەت ناتوانین قەرزبكەین بۆ كورتهێنان و دەبێت خۆمان بگونجێنین”.

لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی-شەوە ئەوەی وت، چاوەڕێمان دەكرد حكومەتی عێراق بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی هەمانە 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان بۆ بنێرێت، بەڵام تائێستا كەمتر لە شەش ملیۆن لیتر نەوت هاتووە، بۆیە بە ناچاری 100 ملیۆن لیترمان كڕیوە بە نرخێكی مەعدوم، بە 55 هەزار دینار دراوە بە هاوڵاتیان و 70%ی دابەشكراوە، پێدەچێت نەوت بدەین بەناو شارەكانیش بەو نرخە، حكومەتی عێراق لیتری بە 400 دینار پێماندەدەن بۆیە بەرمیلی بە 90 هەزار دەدەین بە هاوڵاتیان.

لەبارەی غازیشەوە ئاماژەی بەوەكرد، هەندێك گرفتی بچوك دروست دەبێت، بەڵام بەرهەمهێنانی غاز بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەچێت و حكومەت سەركەوتووانە ئیدارەی ئەو پرسە دەدات.

 

بابەتی پێشتر

وەزارەتی خوێندنی باڵا پشووی لە سەرجەم دامودەزگاكانیدا ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی نۆژەنكردنەوەی سەرای كفری دەستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران: جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەكە بەردەوامە

راگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایدەگەیەنێت،”جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەكەوە بەردەوامە و تەواوی تیمەكانی پاككرنەوە…
Total
0
Share