لە سبەینێوە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەریی شەپۆلێكی باران و بەفر، بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم تا سێشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەشی پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردەوە، ”هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر ناسەقامگیرییەکی ڕەوشی کەشوهەوا، کە پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بە شێوازی نمەباران و بارانی مامناوەند بەردەوامیی هەبێت، بەفر و باران ناوچەکەمان دەگرێتەوە”.
دەشڵێت، بەرەبەیانی سبەی دووشەممە سەرەتا بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ دەستپێدەکات، پاشان لە نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و دواتر سەنتەری شار، پاشان کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین دەگرێتەوە.
بەهۆی شەپۆلەكەوە پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و بەفر لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان دەبارێت، وەك ئەوەی كەشناسیی هەرێم ڕایگەیاندووە.
دەشڵێت، ڕۆژی سێشەممە نمەبارانی پچڕپچڕ دەبێت و کاریگەرییەکەی لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت.
هەر بەپێی پێشبینییەكان، لەماوەی ڕۆژی چوارشەممە 12ی كانونی دووەم تا سێشەممەی هەفتەی داهاتوو 18ی كانونی دووەم کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەردەوامیی دەبێت و ئاسمانی هەرێم بەردەوام هەور دەبێت، لەگەڵ بارینی نمەباران و بارانی مامناوەند، بەفریش لەو ماوەیەدا لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەرزەکان دەبارێت.