بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە لە چەند شوێنێک تەقەیکردووە و گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە.
پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبوەوە کەوا تۆمەتبارێک چەک و چەند تابلۆیەکی ئوتومبێلی ساختەی پێیەو هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدات ، دەستبەجێ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بنکەکانی ڕاسپارد کەبەدواداچون و لێکۆڵینەوەی وردی بەپەلە بکەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار لەلایەن بنکەی پۆلیسی کوردسات بەناوی (د، ک، ع ) دەستگیر بکرێت و لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستگیرا بەسەر ئوتومبێلێک کەتابلۆی ساختەی پێوەبووەو لەگەڵ چەند تابلۆیەکی تری ساختەی ئوتومبێلدا”.
تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەرو بەماددەی (279) لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامەو لەهەر شوێنێکی تریش داواکراوبێت ڕەوانەی شوێنی داواکردنەکەی دەکرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.