دووانەیەكی پێكەوەنووساوی هندی، كە تەمەنیان 19 ساڵە، یەكەم هەلی كاریان لە ویلایەتی بنجاب-ی هندستان بەدەستهێنا، ئەو كۆمپانیایەی هەلی كارەكەی ڕەخساندووە دەڵێت، دوو براكە (دووانە پێكەوەنووساوەكە) دوو مووچەی جیاوازیان دەبێت.
ڕۆژنامەی ئیندپێندت-ی بەریتانی بڵاویكردەوە، هەردوو برا (سۆهنا) و (مۆهنا) لە شاری ئەمریتسار-ی هندی لەدایكبوون و دایك و باوكیان لەكاتی لەدایكبوونیانەوە وازیان لێهێناون.
بەهۆی پێكەوەنووسانیانەوە دوو براكە ترسیان هەبوو بەهیچ جۆرێك كاریان دەستنەكەوێت، بەڵام بەمدواییە وەك كارمەندی كارەبا كاریان دەستكەوت، كە خۆیان بە “خەون” ناویدەبەن.
كۆمپانیای Punjab State Power Corporationی سنووردار كارەكەی بۆ خستنەڕوو بە مووچەی مانگانەی 10 هەزار ڕوپێی هندی (120 یۆرۆ).
هەردوو براكە، پاش دامەزراندنیان ڕایانگەیاند، “سوپاسگوزاری حكومەتی بنجاب-ین بۆ هەڵسەنگاندنی تواناكانمان”.
بەپێی وتەی مامۆستایانی ئەو پەناگەیەی دوو براكە تیایدا گەورە بوون، دایك و باوكیان لە تەمەنی دوو مانگییەوە وازیان لێهێناون، دووانەكەش لە منداڵییانەوە گرنگییان بە چاككردنەوەی كەلوپەلە كارەباییەكان داوە.
كاتێك دوو براكە لە ساڵی 2003 لەدایكبوون، پزیشكان وتیان خاوەن دوو دڵی جیاواز و چوار دەست و دوو گورچیلە و دوو دڕكە پەتكی جیاوازن، بەڵام یەك جگەر و زراو و سپڵ و دوو قاچیان هەیە.