کۆرۆنا جارێکی دیکە شکست بە تۆپی پێ دەهێنێت؟

لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا چەندین یاریزان لە یانەکانی ئەوروپا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لە ئێستادا ڕێژەی تووشبووان بەرزە و ئەگەری شکستهێنان بە خوولەکان هاتووەتە ئاراوە.

دوای 24 کاتژمێر لە تووشبوونی فیران تۆرێس، سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە، خوان لاپۆرتا تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە پشتڕاستکرایەوە، جگە لەو حاڵەتەش، چەندین حاڵەتی تووشبوونی دیکە لە یانەکانی بەرشلۆنە، ڕیاڵ مەدرید، ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕاگەیەندراون.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی “ئەی بی سی”، زیاتر لە 100 یاریزان لە خوولەکانی ئیسپانیا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هەندێکیان چارەسەرکراون، هەندێکی دیکەشیان لە ماڵەکانیان کەرەنتینکراون.

لە خوولی ئیتاڵیاش ڕێژەی تووشبووان لەسەر ئاستی یاریزان گەیشتووەتە لەسەدا 10، واتە لەنێوان هەر 10 یاریزاندا تووشبوویەک تۆمارکراوە، لەنموونەی بوفۆن، کیلینی، دزیکۆ، بەتایبەت یانەی سالێرنیتانا نۆ یاریزانی سەرەکی کەرەنتینکراون.

لە خوولی ئەڵمانیا، یانەی بایرن میونشن دوایین تووشبووانی ئاشکراکرد، کە پێکهاتوون لە لیرۆی سانێ و دایۆت ئوپامیکانۆ.

لە فەرەنساش پاریس سان جێرمان جگە لە مێسی و چەند هاوڕێیەکی، تووشبوونی جیانلویجی دۆنارۆمات گۆڵپارێز پشتڕاستکراوەتەوە.

سەرچاوەکانی ئەوروپا پێیانوایە، خوولی ئینگلتەرا زەرەرمەندترینە لەنێو خوولەکانی ئەوروپا، تەنانەت کارگەیشتووەتە ئەوەی یانەیەکی وەک لیڤەرپوڵ داوای دواخستنی ڕووبەڕووبونەوەی کاراباو کەپ دەکات بەرامبەر ئارسیناڵ.

زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان و خێرایی بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکە (ئۆمیکرۆن)، مەترسییەکی نوێ و جددییە لەسەر تۆپی پێ، هەندێک لە میدیاکان پێیانوایە بەر لە کۆتایی وەرز کۆتایی بە خوولەکان دەهێنرێت لەپێناو پاراستنیان.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ چەند یارییەکی گرنگ ئەنجامدەدرێن

بابەتی دواتر

ئیریکسن بۆ مۆندیالی قەتەر دەگەڕێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share