هەواڵدەرەكە برازا و زاوایەتی.. 13 كەس دانیان بە بەشداریكردن لە كوشتارەكەی جبەلەدا ناوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، وتەكانی 13 تۆمەتباری تێوەگلاو لە “كوشتارەكەی جبەلە” پەسەندكراون و نۆ كەسیان ئەفسەرن، سیانی تریان كارمەندی هێزە ئەمنییەكانن، ڕووداوەكە “كوشتار و تاوانكارییە” و هۆكارەكەی ناكۆكیی خێزانیی بووە. ئەمەش دوای ئەوەی حكومەت ڕووداوەكەی بە “خۆكوژیی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر” پێناسەكرد كە “بەر لە خۆكوژییەكەی، هاوژین و منداڵەكانی كوشتووە”.

شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو هێزێكی سەر بە سواتی عێراقی لە ناحیەی جبەلە لە پارێزگای بابل گەمارۆی ماڵێكیان دا، بەهۆی دەستڕێژی گولـلەوە 20 كەسی یەك خێزان كوژران كە 12یان منداڵ بوون و یەكێكیان تەمەنی حەوت ڕۆژ بوو.

دوێنێ حەمید شتێڕی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، “چەند ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان بەتۆمەتی تێوەگلان لەو ڕووداوە دەستگیركراون”.

ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، “دادوەری لێكۆڵینەوە لە دادگای بابل وتەكانی 13 تۆمەتباری پەسەندكردووە، لەنێویاندا 9 ئەفسەر هەن و 3 تۆمەتبارەكەی تریش كارمەندی هێزی ئەمنین، ئەو كەسەشی هەواڵەكەی گەیاندووە وتەی وەرگیراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ تۆمەتباراندا دەریانخستووە هۆكاری ڕووداوەكە، ئاگادارییەكی درۆ بووە لەلایەن برازای سەرۆكی خێزانە كوژراوەكەوە كە هاوكات زاوایەتی، ئەوەش بەهۆی ناكۆكیی خێزانی لەنێوانیاندا كە سەرئەنجام زاواكەی زانیاریی نادروستی داوە بە دەزگا ئەمنییەكان و بانگەشەی ئەوەی كردووە كە تیرۆریستی داواكراو لەو ماڵەدا هەن، دواتر هێزەكە گەمارۆی ماڵەكەیان داوە”.

جگە لەو كەسانە، یاداشتی دەستگیركردن بۆ چوار كەسی تر دەركراوە بەتۆمەتی تێوەگلان لەو كوشتارە و لێكۆڵینەوەكانیش بەپێی ماددەی 406 (كوشتنی بەئەنقەست) لە یاسای سزادان دەكرێن، وەك ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەڵێت.

پێشتر تۆڕی میدیایی ئێستا وەك یەكەم دامەزراوەی میدیایی كوردی لە زاری شایەتحاڵێكەوە چەند نهێنییەكی ڕووداوەكەی ئاشكراكردبوو، كە ناوەڕۆكی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەمان ئەو ڕاستییانەی سەلماندووە.

لە كاتژمێرەكانی سەرەتای دوای ڕووداوەكەدا، حكومەت دوو گێڕانەوەی جیاوازی بۆ ڕووداوەكە هەبوو، سەرەتا وابڵاوكرایەوە كە هێزە ئەمنییەكان گەمارۆی ماڵی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەریان داوە و خۆی ڕادەستنەكردووە و هاوژین و منداڵەكانی و خۆیشی كوشتووە.

دواتر حكومەت وتی، دوو تیرۆریستی داعش ڕاونراون و خۆیان لە ماڵی بازرگانێكی ماددەی هۆشبەردا حەشارداوە و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بوونەتەوە.

دوێنێ شایەتحاڵێكی ڕووداوەكە لەو بارەیەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد و ئەو دوو سیناریۆیەی ڕەتكردەوە و وتی، “شتێك لە ئارادانییە بەناوی بازرگانی ماددەی هۆشبەر، سەرۆكی خێزانەكە جوتیاربووە و خەزووری ئەفسەرێكی هێزی سوات بووە، ناكۆكیی كەوتووەتە نێوانیانەوە و ئەفسەرەكە لەگەڵ هێزێكدا گەمارۆی ماڵەكەیان داوە و ئەو كوشتارەیان ئەنجامداوە”.

بابەتی پێشتر

ڕه‌ئیسی به‌منزیكانه‌ بۆ واژووكردنى چه‌ند ڕێككه‌وتنێك سه‌ردانى مۆسكۆ ده‌كات

بابەتی دواتر

شاندێكی ڕەوتی سەدر گەیشتە هەولێر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share