خوێندکارانی پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی هەفتەیەك پشوو بەسەر پەیمانگاكەدا دەسەپێنن

خوێندکارانی سەرجەم بەشەکانی پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ و ‏بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەیمانگاکە، بڕیاریاندا بۆ ماوەی یەک هەفتەی دیكە ‏نەڕۆنەوە هۆڵەکانی خوێندن، مامۆستایەکیش دەڵێت، “هیچمان پێناکرێت”. ‏

مامۆستا شنۆ محەمەد بڕیاردەری بەشی گەیاندن لە پەیمانگای تەکنیكیی سلێمانی بەتۆڕی ‏میدیایی ئێستای وت، “بڕیاری نەهاتنەوەی خوێندکاران سەرجەم بەشەکانە و ئەمڕۆ هیچ ‏خوێندکارێک نەهاتووەتەوە بۆ پەیمانگا، بەپێی ئەوەی نوێنەرەکانیان بەئێمەیان ‏ڕاگەیاندووە، تاوەکو هەفتەی داهاتوو دەوام ناکەن”. ‏

سەبارەت بە هۆکاری ئەو بڕیارەی خوێندکاران و بوونی گرفت لە پەیمانگا، بڕیاردەری ‏بەشی گەیاندن ڕایگەیاند، “ئێمە لە پەیمانگا و بەشە ناوخۆییەکانی سەربە پەیمانگاكە هیچ ‏گرفتێکمان نییە، بەڵام پێشتر سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی و کۆلێژی تەکنیكی ‏ڕایانگەیاند ئەم هەفتەیەش بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بەشەناوخۆییەکان، خوێندکاران دەوام ‏ناکەن”. ‏

بۆیە بەرپرسەكەی پەیمانگای تەكنیكیی سلێمانی پێیوایە، هۆکاری بڕیارەکەی خوێندکارانی ‏پەیمانگا بۆ “چاولێکەری” خوێنکاران دەگەڕێتەوە لەبڕیارەکەی زانکۆی سلێمانی. ‏

وتیشی، “ناتوانین هیچ ڕێكارێكیان بەرامبەر بگرینەبەر، چونکە بڕیارەکە سەرجەم ‏خوێندکارانی پەیمانگای گرتووەتەوە و تەنها بەشێک و دوو بەش نییە، بەڵکو سەرجەم ‏خوێندکارانە و هیچمان پێناکرێت”. ‏

پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی لە 17 بەش پێکهاتووە، کە بەسەرجەم بەشەکانی بەیانیان و ‏ئێوارانەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 خوێندکارن.‏

بابەتی پێشتر

وەزارەتی نەوت داهاتی نەوتی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

كاندیده‌ پێشنیازكراوه‌كان بۆ پۆستی هەردوو سەرۆكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و نوێنه‌ران ئاشكراده‌كرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share