بەهۆی ئۆمیكرۆنەوەیە
لە 2022دا نەوت ئایندەیەكی ناڕۆشنی هەیە

پاش بوژانەوەی خێرای نرخەكانی نەوت لە ساڵی 2021دا، گۆڕاوی ئۆمیكرۆنی كۆرۆنای ‏نوێ پێشبینی ناڕۆشنی هێناوەتە ئاراوە بۆ بازاڕی وزە لە ساڵی نوێدا، وەك ئەوەی ‏ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) دەیڵێت.‏

نرخەكانی نەوت لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتنە بەرزترین ئاست لە 2014وە، بەر لەوەی ‏جارێكی دیكە حكومەتەكان لە كۆتاییەكانی تشرینی دووەم، بەهۆی گۆڕاوی ئۆمیكرۆنەوە ‏گەشت سنووردار بكەن، ئەمەش پرسیار و گومانی هێناوەتە ئاراوە لەبارەی ‏بەردەوامبوونی “زێڕی ڕەش” لە ئاراستەی بەرزبوونەوەكەی.‏

فرانسیسكۆ بلانش، سەرۆكی توێژینەوەی شمەك و لێدەرهێنراوەكان (مشتقات) لە (بانك ‏ئۆف ئەمریكا) پێی وایە، ڕەنگە لە ساڵی 2022دا نرخەكانی خامی برێنت 100 دۆلار بۆ ‏هەر بەرمیلێك تێپەڕێنێت و بگاتە 120 دۆلار، تەنها ئەوكاتە نەبێت كە زیادبوون لە ‏حاڵەتەكانی داخڵبوون لە نەخۆشخانە بەهۆی ڤایرۆسی كۆڤید-19وە ڕووبدات، یان ‏بڵاوبوونەوەیەكی زۆری ڤایرۆسی تاجی (هەر مەبەستی كۆرۆنایە) لە چین ڕووبدات، ‏لەكاتێكدا وڵاتەكە گەورەترین كڕیاری نەوتی خامە لە جیهاندا.‏

تائێستا جیهان نەوتێكی كەمتر بەكاردەهێنێت بەراورد بە كاتی بەر لە بڵاوبوونەوەی ‏كۆرۆنا، بەنزیكەیی 96.2 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە 2021دا بەكارهێنراوە، بەپێی ‏ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە.‏

بلانس پێشبینی دەكات خواست لەسەر نەوتی خام بگاتە ئاستی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە ‏‏(100 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە) لە چارەكی سێیەمی ساڵی 2022دا.‏

هەروەك هەندێك لە بانكەكان پێشبینی بەرزبوونەوەی دیكە لە نرخەكانی نەوتدا دەكەن لە ‏ماوەی ساڵانی داهاتوودا بەهۆی كەمیی وەبەرهێنان لە وزەی بەردین و گۆڕینی ئاراستەكە ‏بەرەو وزەی جێگرەوە، لەنێویشیاندا زیادبوونی وەبەرهێنان لەبواری ئۆتۆمبێلی كارەبایی.‏

لەگەڵ بوژانەوەی ئابورییەكان لە ساڵی 2021دا، خواست لەسەر نەوت بەرزبووەوە، ‏لەكاتێكدا تائێستا بەرهەمهێنەران ملیۆنان بەرمیلیان عەمباركردووە.‏

بازرگان و شیكارانی بواری وزە دەڵێن، ئۆمیكرۆن نابێتەهۆی ڕوودانی شۆك بۆ ‏نرخەكانی نەوت و ئەو دۆخەی پاش كەرەنتین بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتەدی، كاتێك ‏گرێبەستە دواخراوەكانی خامی ئەمریكی بۆ ماوەیەك بە سلبی (-) بوو.‏

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا، ڕیبیكا بابین، گەورە ئاڵوگۆڕكاری وزە لە كۆمپانیای (‏CIBC‏)ی ‏كاغەزە داراییەكانی ئەمریكا وتی، وەبەرهێنەران بەمدواییە نەوتیان فرۆشت بۆ ‏كۆكردنەوەی قازانج، بۆیە دەڵێت، “ساڵێكی نایابمان بەڕێكرد لە بواری وزەدا”.‏

بابەتی پێشتر

دوو یاریزانی ڕیاڵ مەدرید لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە

بابەتی دواتر

دوای دوو ساڵ دەمیرتاش و باشاك نیو كاتژمێر یەكیان بینی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گە گەیشتە رێژەی %4 ی نرخەکەی. ئەمڕۆ دووشەممە نرخی…
Total
0
Share