پەیامە ئاڵوگۆڕپێكراوەكان زارەكی یان لە چوارچێوەیەی لێدوانی سیاسیدا نەبوون وە پێشوو، بەڵكو بە لێدانی سەربازی بوو، كە هەندێكی لەڕێی فڕۆكەی سەربازی و ئەوی دیكەیشی بە موشەكی هاوەن و تۆپهاوێژ بوو، بە ئامانجكراوەكەش ناوچەی (عەین عیسا)یە كە بە پایتەختی ئیداری و سیاسی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دادەنرێت.
ناوچەكە كە دەكەوێتە ڕیفی باكوری ڕەققە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوبەڕووی بۆردومانێكی بێ پێشینە بووەوە لەلایەن گروپەكانی (سوپای نیشتیمانی) و سوپای توركیا، ئەمەش پاش ئەوەی هێزەكانی سوپای سوریا و هێزەكانی ڕوسیا بەشێوەیەكی كتوپڕ لێی كشانەوە. ئەمەش وا دەخوێندرێتەوە كە هەوڵی نوێی ئەنقەرەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەیەكی دیكەی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات.
بەپێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی (الحوڕە) دەسەڵاتدارێتی توركیا بەردەوام نیازی خۆی دوپاتدەكاتەوە لەبارەی دورخستنەوەی هەر مەترسییەك بەدرێژایی سنووریی باشووری لەگەڵ سوریا، سەرەڕای كۆنتڕۆڵكردنی ڕوبەرێكی درێژ لەنێوان هەردوو شاری سەرێ كانی و گردە سپی، بەڵام بەم ئاستە “هێشتا ڕازی نییە”، ئەمەش بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی سیاسی و سەربازی توركیاوە ناوبەناو دوپاتدەكرێتەوە.
شیكەرەوان كۆكن لەسەر ئەوەی توركیا بە “ستراتیجی پشووی درێژی” لەسەر سنورەكانی كاردەكات، ئەمەشی لە ناوچەكانی “قەڵغانی فوڕات” و پڕۆسەی “چڵە زەیتون”، بەمدواییەش لە پڕۆسەی “كانی ئاشتی” جێبەجێكردووە، كە تائێستا بەلای دەسەڵاتدارێتی ئەنقەرەوە ئەركەكە تەواو نەبووە و دەیەوێت بەدرێژایی هێڵی سنوریی خۆی تەواوی بكات، بەڵام هەر كاتێك بارودۆخ ڕێگەبدات و پاش هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆی لەلایەن وڵاتانی دیكەی كاریگەر لە ناوچەكەدا، لەسەروو هەمووشیانەوە واشنتن.
پریشكی ئاگری بەر لە شەڕ
بەپێی پێدراوە مەیدانییەكانی سوریا، چەندین ساڵە پڕۆسە سەربازییەكان لەلایەن توركیا و وڵاتانی دیكەی كاریگەر بەبێ بوونی جوڵەی ئامادەكارانە نەبووە، ئەمەش بەمدواییە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێكردووە، دوای ئەوە سوپای توركیا چەند جارێك كوژرانی چەكدارانی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكراتی لەمیانەی هەوڵیاندا بۆ تێپەڕبوون بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ڕاگەیاند، كە ئەنقەرە بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
لەو چوارچێوەیەدا ئیبراهیم قاڵن، وتەبێژ بەناوی سەرۆكایەتی توركیا لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ڕابردوو ئەوەی خستەڕوو كە ئەو ڕێككەوتنانەی توركیا لەگەڵ ڕوسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكاندا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیداوە ئەو بڕگەیە لە خۆدەگرێت كە “توركیا مافی بەرگری لەخۆی و دەستێوەردانی لە دژی هەر پێكهاتەیەكی تیرۆریستی هەیە”.
قاڵن ئەوەشی وت، “توركیا مافی دەستێوەردانی هەیە لە هەر كاتێكدا دژ بە پەكەكە و هەر پێكهاتەیەكی سەر بە داعش لە سوریا و عێراق و هەر جێگایەكی تر، دەستێوەردان دەكرێت لەهەر ساتێكدا بێت”.
سایتی ئەلحوڕە لەسەر زاری بەدر مەلا ڕەشید، توێژەری بواری كوردناسی دەڵێت، ئەنجامدانی پڕۆسەی سەربازی نوێ بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات لەلایەن توركیاوە چەند هۆكارێكی هەیە لەوانە، یەكەم: زیادبوونی بارگرژییەكانی نێوان توركیا و ڕوسیا لە چەند دۆسیەیەكی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، سەرەڕای ڕوودانی بارگرژی لەنێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا و بەتایبەت فەڕەنسا، كە ئەمەی دواییان ڕاوێژكاری سەربازی لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سوریادا هەیە.
بەپێی توێژەرەكە توركیا تا ئەمڕۆ داواكاری لە هەردوو لایەنی ڕوسی و ئەمریكی هەیە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەردۆغان-مایك پێنس، دواتریش ڕێككەوتنی سوچی لەنێوان ئەردۆغان-پۆتین، كە ناوەرۆكەكەی بریتییە لە وەستاندنی پڕۆسەی “كانی ئاشتی” لە بەرامبەر كشانەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل بۆ 30 كیلۆمەتر لە باشوری سنووری توركیا-سوریا.
بەپێی توركیا ئەو ڕێككەوتنانە تائێستا جێبەجێنەكراون، ئەمەش وادەكات هەركات بیەوێت پڕۆسەی سەربازی لە ناوچەكەدا ئەنجامبدات.
ئەنقەرە بەتەنها نییە لەو تابلۆیەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕاتدایە لەڕووی جموجوڵی سەربازی، بەڵكو هێزی دیكە هەن كە ڕێگە بە قۆناغێكی نوێ لە ناوچەكەدا نادەن بەبێ ڕەزامەندی ئەوان. تەنانەت ئەمریكاش، كە بەمدواییە ڕوبەڕوبوونەوەی مەیدانی لەگەڵ ڕوسیا ئەنجامدا، لەكاتی تێپەڕبوونی كاروانێكی سەربازی ئەمەی دواییان بۆ گەیشتنە كێڵگەكانی نەوت.
ڕوسیا بەمدواییە هەوڵەكانی بۆ ڕاكێشانی (هەسەدە) بەلای خۆیدا دەستپێكرد ئەمەش بۆ زیادكردنی قەڵەمڕەوی خۆی لە ناوچەكەدا و دروستكردنی فشار لەسەر واشنتن، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، ئەمەش لەسەر زاری مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە خرایەڕوو كاتێك وتی، “هاتنی ڕوسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕەزامەندی ئەوان و بەهۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بووە”.
ئەو سنورەی (هەسەدە) لە بەردەم مۆسكۆدا داینا و وەڵامنەدانەوەی تەواوی ویستەكانی ڕوسیا، هاندەربوو بۆ ئەوەی ئەمەی دواییان ڕێڕەوێكی دیكە بگرێتەبەر، ئەویش ئاراستەی توركیایە، كە هەمیشە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەربازی بە نزیك دەزانێت ئەگەر ڕێككەوتنی سوچی جێبەجێنەكرێت.
شڤان ئیبراهیم، توێژەری كوردیی دانیشتووی قامیشلی ڕوودانی هەر پڕۆسەیەكی سەربازی لەلایەن توركیاوە لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەبەستێتەوە بە ئاستی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی (سوچی)، كە لە تشرینی دووەمی 2019وە لەنێوان توركیا و ڕوسیا واژۆكراوە.
ئەو توێژەرە دەڵێت، ڕوسیا دەزانێت كە كارتە زیاتر یەكلاكەرەوە و مەترسیدارەكەی لەسەر ئایندەی (هەسەدە) خۆی لە كشانەوە لە عەین عیسا-دا دەبینێتەوە، ئەمەش واتە “ناوچەكانی وەك تەل ڕەفعەت و تەل تەمر و دەرباسییە دەكەونە ژێر ئەگەری هەڕەشەكانی توركیا”.
گرنگی عەین عیسا چییە؟
شارۆچكەی عەین عیسا بووەتە پایتەختی سیاسی و ئیداری (خۆبەڕێوەبەری) باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، كەوتنی دەبێتە لێدانێكی قورسی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان، وەك ئەوەی شڤان ئیبراهیم دەیڵێت.
ئەو توێژەرە دەڵێت، “لەئێستادا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری گواستراوەتەوە بۆ ڕەققە، بەڵام تائێستا ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئیداری و ئابورییەكان لەژێر ناوی عەین عیسا ئەنجامدەدرێت” ئاماژە بۆ ئەوەشكرد، “ئاسان نییە پایتەخت یان بارەگای بنەڕەتی لەساتەكانی جەنگدا بگۆڕیت”.
عەین عیسا تەنها 55 كیلۆمەتر بە ئاراستەی باكوری ڕۆژئاوا لە شاری ڕەققەوە دورە، بەر لە ساڵی 2011 ناحیەیەك بووە لە ناوچەی گردە سپی لە پارێزگای ڕەققە، دواتر خرایەسەر كۆبانێ.
لە ئەگەری كۆنتڕۆڵكردنی (عەین عیسا) لەلایەن گروپەكانی “سوپای نیشتیمانی” و توركیاوە، شڤان ئیبراهیم دەڵێت، “پڕۆژەی سیاسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دوا قۆناغەكانیدا دەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا چەندین شوێن و ناوچەی سەرەكی لەدەستدا”.
بەپێی ئەو توێژەرە ئەوەی لەسەر سنووری توركیا هەیە لە سەرێ كانی-یەوە تا دەرباسیە و مالكییە و بۆ ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات، بەبێ گۆڕانكاری دەمێنێتەوە تا ساتی “ڕونبوونەوەی سیاسەتی نوێی ئەمریكا لە ناوچەكەدا و ئاستی شێلگیری لە پارێزگاریكردن لێی، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی بە ناوچەیەكی گرنگی گواستنەوەی زەمینی و ئاوی گرنگ لە ناوچەكەدا دادەنرێت، سەرەڕای ڕێگای گواستنەوەی نەوت و غاز”.
هەسەدە چی دەڵێت؟
لە بەرامبەردا هێزەكانی سوریای دیموكرات بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ جموجوڵە سەربازییەكانی توركیادا دەكات، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە وەڵامی بۆردومانەكان دەداتەوە، چاوەڕوانی قۆناغی داهاتووە لە گۆشەی هەڵوێستی نوێی ئەمریكاوە، كە دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتییەوە دەردەكەوێت.
ڕیاز درار، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (باڵی سیاسی هەسەدە) دەڵێت، “نازانم توركیا دەربارەی ناوچەكە بیر لە چی دەكاتەوە” بەدوریشی دەزانێت كە بەمزوانە پڕۆسەی سەربازی فراوان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامبدرێت.
درار ئەوەشی وت، “پێدەچێت بۆردومان لە ناوچەكەدا ڕووبدات، بەڵام نابێتە هۆی گۆڕینی پێگەكان”.
دەربارەی واشنتن و مانەوەی لە ڕۆژهەڵاتی سوریادا، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریا پێیوایە مانەوەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا پێویستە، “بەهۆی ئەوەی ئەمریكا ناتوانێت پارێزگاری لە مانەوەی لە عێراق و خواستی لە حساباتە سیاسیەكاندا بپارێزێت بەبێ مانەوەی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، مانەوەی دەبێتە خاڵی بەهێز لە ئامادەبوونی لە هەر ڕێككەوتنێكی سیاسیدا، لە ئەگەری دەرچوونیشی ناچاردەبێت لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەربچێت”.