گۆڤاری ئیكۆنۆمیست-ی ئەمریكی دەڵێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا “ناتوانێت ئالنگاری لەگەڵ لۆژیكدا بكات بۆ ماوەیەكی درێژ” بەهۆی سیاسەتە ئابورییەكانی كە دەبێتە هۆی “زیادبوونی مەترسییەكان” لەسایەی ناسەقامگیری بەهای لیرە و ڕەتكردنەوەی بەرزكردنەوەی نرخی سوود.
گۆڤارەكە باس لەو دۆخە دەكات كە بە “عینادی”ی سەرۆكی توركیا ناویبردووە لەدوای گەیشتنی بە دەسەڵات بەر لە دوو دەیە و خواستی ئەو بۆ گوێنەگرتن لە دەنگی ئەوانی تر، ئاماژەشدەدات بەوەی لەگەڵ هەر ئالنگارییەك كە ڕووبەڕووی بووەتەوە وەك خۆپیشاندانەكانی گیزی پارك لە ساڵی 2013 و هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016 “خۆبەزلزانییەكەی” زیادیكردووە و ڕاوێژكارە ژیرەكانی دوورخستووەتەوە و چواردەوری بە كەسە نزیكەكانی پڕكردووەتەوە.
ئەردۆغان هەر شیكردنەوەیەك بۆ سیاسەتە هەڵە ئابورییەكانی ڕەتدەكاتەوە و بە بەشێك لە “لۆبی سود” ناویدەبات كە هێزی بیانی كۆنتڕۆڵیان كردووە و دەڵێت، “پیلانی دوژمنان” هۆكاری ئەو شكستانەیە كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لەكاتێكدا گەلەكەی دەیەوێت خۆی لەگەڵ “سیاسەتە شێوێنەرەكانی” بگونجێنێت، وەك ئەوەی ئیكۆنۆمیست ئاماژەی پێداوە.
ڕاپۆرتەكە دەشڵێت، لە ترۆپكی دەسەڵاتەكەیدا لە ساڵی 2014 سەرۆكی توركیا چووەناو كۆشكێكی نوێی سەرۆكایەتی كە لە 1100 ژوور پێكدێت، بۆیە لەناو ئەم كۆشكەیەوە كە تێچووەكەی 600 ملیۆن دۆلار بوو ئەستەمە گوێی لە “هاواری ناڕازیی دەنگدەرانی” بێت.
ئاماژەشدەدات، دەكرێت سەركردەیەكی بەهێزی وەك ئەردۆغان هەموو ئەو دەنگانە بێدەنگ بكات كە نایەوێت گوێی لێبێت، بەڵام “ناتوانێت واز لە لۆژیك بهێنێت”، چونكە لە ئەیلولی ڕابردووەوە دەیەوێت ئالنگاری لەگەڵ یاساكانی ئابوری بكات كە ناتوانێت بیگۆڕێت لەڕێی ڕەتكردنەوەی بەرزكردنەوەی نرخی سود، ئەو كارەی ئابورییە پێگەیشتووەكان بۆ دژایەتیكردنی هەڵاوسان ئەنجامیدەدەن، بەڵام توركیا چووەتە ئاراستەیەكی دیكەوە.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ 21% لە تشرینی دووەمدا، ئەردۆغان فشاری لە بانكی ناوەندی كرد بۆ دابەزاندنی نرخی سوود بە بڕی پێنج خاڵی سەدی بەپێی ئەو باوەڕەی خۆی كە پێیوایە ڕێژە بەرزەكان هۆكاری هەڵاوسانە لەجیاتی دژایەتیكردنی.
بەهۆیەوە، توركەكان زۆرێك لە پارە پاشەكەوتكراوەكانیان لە لیرەوە بۆ دۆلار و یۆرۆ گۆڕی، ئەمەش بووە قەیرانی دراو و، لە ئاكامیدا لیرە لە هەشت لیرە بەرامبەر دۆلارێك لە مانگی ئاب بۆ 18 لیرە لەم مانگەدا دابەزی.
لە 20ی ئەم مانگە “پلانێكی سەیر”ی ڕاگەیاند بۆ سەرنجڕاكێشانی ئەوانەی پارەی پاشەكەوتیان هەیە بە دراوی لیرە بۆ ماوەی لانیكەمی سێ مانگ، كە حكومەت قەرەبوویان دەكاتەوە لەهەر زیانێك بەهۆی داڕمانی دراوەكەوە تووشی ببن.
بەهۆی ئەم بڕیارەوە، لیرە بۆماوەیەكی دیاریكراو بوژایەوە و ئەردۆغان سەركەوتنی ڕاگەیاند، بەڵام كاتێكی زۆری نەویست بەرلەوەی جارێكی دیكە داڕمان بەخۆیەوە ببینێتەوە.
گۆڤارەكە دەڵێت، تەنانەت ئەگەر پلانەكە سەركەوتوو بێت لە سەقامگیركردنی لیرە، كۆتایی بە كێشەكانی توركیا ناهێنێت و، ئاستی هەڵاوسان بەهۆی دابەزینەكانی پێشووی دراوەكە و بەرزبوونەوەی كەمترین ئاستی كرێ بەردەوام دەبێت.
ئەگەر دراوەكە بە سەقامگیری بمێنێتەوە، بەرزبوونەوەی تێچووی شمەكی توركی بە لیرەی هەرزانتر قەرەبوو ناكرێتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی لەناوچوونی توانای كێبڕكێی توركیا و، دابەزینی بودجەی بازرگانی و، لێگەڕانی بۆ پشتبەستنی مەترسیدار بە قەرزی دەرەكی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی لەنێوان هاوردە و هەناردەیدا.
ئەگەریش پلانەكە شكست بهێنێت، “باجەكەی دژوارتر” دەبێت، پێویستە لەسەر بەخشەرانی باج پاشەكەوتكاران ڕزگاربكەن، ئەمەش پێویستی بە دابەزاندنی “ئازاربەخش” و سكهەڵگوشینە لە بەرژەوەندی ئەو توركە تاڕادەیەك گەشەكردووانەی پاشەكەوتیان هەیە، ئەگەریش حكومەت نەتوانێت بەرگەی ئەم بژاردەیە بگرێت، دەبێت دراوی زیاتر چاپ بكات، كە كۆتاییەكەی بە دابەزینی زیاتری بەهای دراوەكە دەبێت.