چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی داهاتوودا چی دەبێت؟

زانینی چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو ئەستەمە، بەڵام ‏دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەرپرسێكی باڵای حكومی دڵنیایی دەدات.‏

موزهر محەمەد ساڵح، یاریدەدەری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ‏دارایی ڕایگەیاند، هیچ مەترسییەك لەئارادانییە دەربارەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم ‏فەرمانبەران بێ جیاوازی لە ساڵی ئایندەدا.‏

وتیشی، “جێبەجێكردنی یاسای كارگێڕیی دارایی (الادارة المالية) ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە ‏ڕێكخستنی داهات و خەرجیی گشتی بەپێی باشترین جێبەجێكردن و ڕێوشوێنە بەردەستە ‏پەیڕەوكراوەكان، كە پشتدەبەستێت بە پێوەرە ڕێژەی 1/12 (یەك لەسەر 12) لە خەرجیی ‏گشتی كە لە ساڵی 2021دا هەبووە”.‏

بەپێی وتەی یاریدەدەرەكەی سەرۆك وەزیران لە پێشینەی ئەو خەرجییانەش دابینكردنی ‏مووچە و كرێ و مینحە و مووچەی خانەنشینی و چاودێریی كۆمەڵایەتییە، بەپێی ئەو ‏خشتە و ئامارانەی مانگانە لەلایەن لایەنە حكومییەكانەوە دەدرێتە وەزارەتی دارایی، كە ‏هاوشێوەی ساڵی پێشتر دەبێت.‏

دڵنیاكردنەوەی مووچەخۆرانی عێراقی دەربارەی مووچەكانی ساڵی ئایندەیان لەكاتێكدایە، ‏مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی دوایین مانگی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.‏

دەنگۆكانی بڕینی ئەو 200 ملیارەی لەمساڵدا لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم دەنێردرا، ئەو ‏ترسەی لای فەرمانبەران دروستكردووە كە پێدەچێت بڕینی مووچە یان دواكەوتنی، یان ‏هەردووكیان پێكەوە لە ساڵی ئایندەدا دەستپێبكاتەوە.‏

بابەتی پێشتر

پێشبینییەکانی ئۆستراداموس بۆ ساڵی 2022

بابەتی دواتر

كۆمەڵەی كرێنشینان: نزیكەی 250 هەزار خێزان لە هەرێم كرێنشینن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
5
Share