ئەلیکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا پێشبینی دەكات، نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوودا 80 دۆلار تێنەپەڕێنێت، دەشڵێت، کۆمەڵەی ئۆپیک پڵەس بۆ گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت لەجیهاندا، داواکاریی واشنتنی پشتگوێخست بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش بۆ هێشتنەوەی هاوسەنگی لەنێوان بەرهەم و خواست.
لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەلیکساندەر نۆڤاک ڕاگەیاندووە، “بڕوامان وایە دەبێت زیادکردنی بەرهەمهێنان لە ئاستێکی مامناوەنددا لەگەڵ خواستی بازاڕدا بمێنێتەوە، دەبێت بزانین چۆن بەرهەم لەگەڵ خواستدا زیاددەکەین”.
نۆڤاک پێشبینی دەکات لەساڵی 2022دا ئاستی خواست لەسەر نەوت چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزببێتەوە، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوت لەنێوان 65 بۆ 80 دۆلاردا بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت بۆ شەشەم ڕۆژ لەسەریەک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، لەئەنجامی زۆربوونی خواست لەسەر نەوت، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 79.17 دۆلار و نرخی بەرملیكی نەوتی خاوی تەکساس گەیشتە 76.19 دۆلار.