دوای سەردانی وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران بۆ عێراق ڕێککەوتننامەی ڕێگای ئاسنی نێوان عێراق و ئێران واژووکرا، لەکاتی دروستکردنی هێڵە ئاسنیەکەدا عێراق بە پاکستان و ئەفغانستان و ناوچەی قەوقاز دەبەسترێتەوە.
دوێنێ ڕۆستەم قاسمی، وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران سەردانی عێراقیکرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێککەوتننامە بۆ ڕێککەوتنی ڕاکێشانی هێلی ئاسنی نێوان شەڵەمچە – بەسرەە واژوو کرا.
ڕۆستەم قاسمی، لەبارەی سەردانەکەیەوە بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی وتووە، “دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای دوو دەیە ڕێککەوتن کرا لەسەر ڕاکیشانی هێڵی ئاسنین لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
بەپێی زانیارییەکانی وەزیری ڕێگاوبانی ئێران، هێڵە ئاسنیەکە 33 کیلۆمەترە و لەبەشی ئێرانەوە کارەکانی تەواوبووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ناکۆکییەکان، تەواوبوونی هێڵەکە ڕاگیراوە.
سووربوونی ئێران لەسەر ڕاکێشانی هێڵەکە ڕەنگە پەیوەندی بە یەکێک لە ڕێگاکانی ڕێگای ئاوریشمی چینەوە هەبێت، کە بە نیازە لە بەندەری “ئوم قەسر”ەوە بەناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بگاتەوە تورکیا و لەوێشەوە ئەوروپا، ئەگەر چین ئەو ڕێگایە بەکاربهێنێت ئەوا ئێران پەراوێزدەخرێت لە ڕێگای ئاورشمی، کە ئێران پێشتریش ناڕاستەوخۆ ناڕەزایەتی لە دژی تەواوکردنی بەندەرەکە دەربڕیوە.