دیار نییە چەند كۆچبەری قوربانیی سێ بەلەمە نوقمبووەكەی یۆنان كوردن

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لەو ‏سێ بەلەمەی لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا لە ئاوەكانی یۆنان نوقمبوون، لە هەرسێ ‏ڕووداوەكەدا نزیکەی 100 کەسیان خنکاون و بێسەروشوێنن، نازانرێت چەندیان كوردن، ‏لە ڕووداوەكەی مانشیشدا 11 كۆچبەر تا ئێستا بێسەروشوێنن.‏

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، ‏لەبارەی ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە شەوی ‏‏21/22ی ئەم مانگە بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە بە 70 سەرنشینەوە نوقمبوو، ‏دوای 30 کاتژمێر تەنها تەرمی 13 کەسیان دۆزراوەتەوە، ئەوانی دیکەیان سەرجەمیان ‏بێسەروشوێنن”.‏

‏”هەروەها 23ی مانگ بەلەمێکی دیکە بە 80 کۆچبەرەوە نوقمبوو، کە تائێستا 12یان ‏بێسەروشوێنن، دوێنێ 25ی کانونی یەکەمیش بەلەمێکی دیکە بە 100 سەرنشینەوە نوقم ‏بوو، کە تائێستا 16 کۆچبەریان بێسەروشوێنن”، وەك ئەوەی بەکر عەلی ئاشكرایكرد.‏

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، ‏‏”ئەوانەی لەو سێ بەلەمەدا دۆزراونەتەوە، ناسنامەکانیان تائێستا یەکلایینەکراونەتەوە، بۆیە ‏نازانرێت چەند کەسیان کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن”.‏

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمی ژمارەیەک ‏کۆچبەری قوربانیی بەلەمە نوقمبووەكەی دەریای مانش-یش، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ‏وت، “لە نوقمبوونی ئەو بەلەمەی لە 25ی تشرینی دووەم لە دەریای مانشی نێوان فەرەنسا ‏و بەریتانیادا، لەکۆی 31 قوربانی، 27 کۆچبەریان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، ‏ئەمڕۆ 16 لەوانە تەرمەکانیان گەیشتەوە هەرێمی کوردستان”.‏

بەکر عەلی ڕاشیگەیاند، “تائێستا تەنها تەرمی ئەمانە دۆزراونەتەوە و 11یان ‏بێسەروشوێنن”.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق بە گەندەڵی تۆمەتبارە و وەزیرێكی پێشوو دەبرێتە دادگا

بابەتی دواتر

دووكەڵی خەڵوز دوو كرێكاری سوریی كردە قوربانی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەشتەكانی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هەولێر ڕاگیران و لە سلێمانی دەستیانپێكردەوە

کەمبوونەوەی ماوەی بینین بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینەوە، ئاسمانی فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هەولێری بەڕووی گەشتەکاندا داخست و لە سلێمانی گەشتەكان دەستیانپێكردەوە.…
Total
1
Share