قەشەیەك بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێكسی بۆسەر منداڵان 21 ساڵ زیندانیدەكرێت

دوو منداڵ لەنێو كڵێسایەكدا – فۆتۆ، دی دەبلیو

بەتۆمەتی دەستدرێژیكردنەسەر منداڵان، قەشەیەكی ڕوس 21 ساڵ زیندانیدەكرێت.

قەشەكە ناوی نیكۆلای ستریمسكییە، سەرپەرشتی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی 70 منداڵی بێسەرپەرشتی لەئەستۆدابووە، تۆمەتباركراوە بەوەی دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتەسەر بەشێكیان و لەڕووی جەستەییشەوە ئازاریداون.

ئەو دەستدرێژییانە، لە دێری قەشەكە كە دەكەوێتە چیاكانی ئۆراڵ لە باشووری خۆرئاوای ڕوسیا ئەنجامدراون وەك میدیای ڕوسیا لە زاری كاربەدەستانی دادگاوە بڵاویكردووەتەوە.

پێشتر نیكۆلای ستریمسكی لەپای سەرپەرشتیكردنی “گەورەترین خێزان” ناوبانگی بڵاوبووەوە و هەر ئەوەش هۆكاربوو “مێدالیای نیشتمانیی شكۆی باوكایەتی”ی پێببەخشرێت.

لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە ستریمسكی بە یارمەتیی هاوژینەكەی، خانەیەكی بێسەرپەرشتانی بەڕێوەبردووە، بەڵام بەهۆی تۆمەتباركردنی بە دەستدرێژیی سێكسی بۆسەر بەشێك لەو منداڵانەی بەخێویكردوون، مێدالیاكەی لێسەندرایەوە.

ساڵی 2019 ئەو قەشەیە دەستگیركرا و بەتۆمەتی دەستدرێژیكردنەسەر حەوت منداڵ دادگاییكرا، بەڵام ئەوكات تۆمەتەكانی ڕەتكردەوە، كەیسەكە دانەخرا و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامبوون، تا دواجار تۆمەتەكانی بەسەردا ساغكرانەوە و ئەمڕۆ دادگایەكی ڕوسیا بڕیاری دا سترۆمسكی بۆ ماوەی 21 ساڵ زیندانیبكرێت.

دەستدرێژیی سێكسی بۆسەر منداڵان لەناو پەرستگا و دامەزراوە ئایینییەكانی كاسۆلیك لە ئەوروپادا بابەتگەلی لەمێژینەن و بوون بە دیاردە، ئامارەكان باس لە دەستدرێژیكردنەسەر زیاتر لە 10 هەزار منداڵ لەلایەن سێ هەزار قەشە و پیاوی ئایینییەوە دەكەن.

لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵدا، جان مارك سۆفێ، سەرۆكی ئەو لیژنە سەربەخۆیەی كە لێكۆڵینەوەی لە پێشێلكارییە سێكسییەكانی كڵێسای كاسۆلیكی لە 1950ـەوە تا ئێستا كردووە وتی، “هەزاران كەس لەوانەی لە دامەزراوەی ئایینیدا كاریانكردووە دەستدرێژییان كردووەتەسەر منداڵان”.

“لیژنەكە بەڵگەی دەستكەوتووە بەوەی 2900 – 3200 قەشە و ئەندامی كڵێسا دەستدرێژیی سێكسییان كردووەتەسەر منداڵان و ئەوەش كەمترین خەمڵاندنە”، ئەوكات سەرۆكی لیژنەكە بەو شێوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس دوابوو.

سۆفێ لەبارەی ژمارەی ئەو منداڵانەی دەستدرێژییان كراوەتەسەر، ئاشكرایكردبوو، “بەلایەنی كەمەوە 10 هەزار منداڵ لە كڵێسا و دامەزراوە ئایینی و پەروەردەییەكاندا دەستدرێژیی سێكسییان كراوەتەسەر”.

بابەتی پێشتر

وڵاتێکی ئەوروپی کۆنترین "درەختی بنەماڵەیی" لە جیهاندا ئاشکرادەكات

بابەتی دواتر

ئاسایشی سلێمانی: تۆمەتبارانی هەڵکوتانە سەر قوتابخانەکە ئازادنەکراون و بەیاسای سەربازی سزادەدرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share