سلێمانی.. كەسێك بە دراوی ساختەی 25 هەزار دیناری و 10 هەزار دینارییەوە دەستگیركرا

ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دەستگیركردنی كەسێكی لەلایەن پۆلیسی فریاكەوتنەوە ڕاگەیاند كە پارەی ساختەی هێناوەتە هەرێمی كوردستان و ویستوویەتی لە سلێمانی ساغیانبكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فریاکەوتنی پارێزگای سلێمانی لە ناوشاری سلێمانیدا تۆمەتبارێکیان دەستگیركردووە و دەستیانگرتووە بەسەر بڕی سێ ملیۆن و بیست ھەزار دیناری عێراقیی ساختەدا.

ڕوونیكردووەتەوە، تۆمەتبارەكە ناوی (أ ، م ، س)ـە و ڕۆژی 11ی ئەم مانگە بە فەرمانی دادوەر دەستگیركراوە، پارەكان لە جۆرەکانی 25 هەزار دیناری و 10 هەزار دیناری بوون، دواتر تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادور و بەپێی تایبەتمەندیی دۆسیەكە نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، “تۆمەتبارەكە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارە ساختەیەی ھێناوەتە ناوشاری سلێمانی بەمەبەستی ساغکردنەوەی، ئێستا بەپێی ماددەی (281) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە”.

بابەتی پێشتر

گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییانی نۆکەندی ئینگلیز بۆ هەرێمی کوردستان دواخرا

بابەتی دواتر

بەهۆی فشارەوە بۆ چوارەم جار لێكۆڵینەوە لە تەقینەوە گەورەكەی لوبنان ڕاگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share