ڕوسیا بۆ توركیا: باخچەكەت بەناوی “ئەم تیرۆریستەوە” ناومەنێ

توركیا باخچەیەكی بەناوی سەرۆكی پێشووتری چیچانەوە ناوناوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی چیچیان و ڕوسیای لێكەوتووەتەوە و داوا لە ئەنكەرە دەكەن پاشگەزببێتەوە.

جەوهەر دوداییڤ، سەركردەی جوداخوازەكانی چیچان و یەكەم سەرۆكی ئەو وڵاتەیە، ساڵی 1991 تاكلایەنانە كۆماری ئیچكیریای لە چیچیان ڕاگەیاند و ساڵی 1994 ڕووبەڕووی هێزەكانی ڕوسیا بووەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ شەڕێكی توند لەنێوان هەردوولادا بەرپابوو.

بەمدواییانە توركیا باخچەیەكی لە شاری كوزڤیر بەناوی دوداییڤەوە ناونا، بڕیارێك كە نیگەرانی و ناڕەزایی چیچان و ڕوسیای بەدواداهات.

دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕوسیا دەڵێت، “لەڕێگەی كەناڵە دیپلۆماتییەكانەوە بە هاوكارانمان لە توركیا ڕاگەیاندووە بەوەی ئێمە – بە دەستەواژەیەكی نەرم – قایلنین لە شارەكانی توركیادا ناوی لەمجۆرە لە شتێك بنرێت”.

پێشتر ڕەمەزان قەدیرۆڤ سەرۆك كۆماری چیچان ناڕەزایی بەرامبەر بەو بڕیارەی توركیا دەربڕیبوو و بەوە ناوزەدیكردبوو كە پەیوەندییەكانی توركیا و ڕوسیا دەخاتە مەترسییەوە، پیسكۆڤ لەو بارەیەوە وتی، “ئەم كاردانەوەیەكی زۆر سۆزناكە”، بەڵام پاساوی بۆهێنایەوە بەوەی وڵاتەكەی قەدیرۆڤ بە شەڕدا تێپەڕیوە و “تیرۆریستان” هەوڵیانداوە دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرن.

وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕوسیا ڕاشیگەیاند، “بەمدواییانە ناخۆشبەختانە ناوی ئەم تیرۆریستە لە باخچەیەكی توركیا نرا، بەدڵنیاییەوە ئەم بڕیارە ئازاربەخشە بۆ چیچان و ڕوسیا”.

بابەتی پێشتر

شوماخەری بچووک دەبێتە شۆفێری یەدەگی فێراری

بابەتی دواتر

دێمبیلی بڕیاری کۆتایی دا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share