شاندى چێوه‌ى هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان و سه‌رۆكى پارتى دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه و دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنیان تاوتوێكرد.
به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكى باره‌گاى بارزانى، ئه‌مڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای چێوەی ھەماھەنگی بە سەرۆکایەتیی نوری مالکی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوا پێشھاتەکانی پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ‌کران.
هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه، ڕۆشنایی خراوەتە سەر پێویستیی پێداچوونەوە بە حوکمڕانیی عێراق و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوو و ڕەچاوکردنی پرەنسیپەکانی شەراکەت و سازان و ھاوسەنگی لە حوکمڕانیدا.
بارەگای بارزانی دەڵێت، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا “بیروڕا لە بارەی تەحەدیاتی بەردەم ئایندەی عێراق و بابەتی خزمەتگوزاری و ھەڕەشەی تیرۆر و کێشەی ژینگە و کەمئاوی و داواکاریی ھاوڵاتیان ئاڵوگۆڕ کران”.
هه‌روه‌ها “جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ھەوڵەکان بۆ لەیەکترنزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان و ئیستحقاقی پێکھاتەکان کرایەوە، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قۆناغی داھاتوو و تێپەڕاندنی تەحەدیاتی بەردەم پێک‌ھێنانی حکومەتی نوێی عێراق”.