تەندروستیی سلێمانی: پارەی هاندانی کارمەندانی کۆرۆنا خەرجنەکرێت تووشی تەنگەژەی تەندروستی دەبین

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی خەرجکردنی پارەی هاندانی کارمەندانی نەخۆشخانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بە پێویست ناودەبات، هۆشداریدەدات لەئەگەری بەردەوامیی مانگرتنیان دەبێتەهۆی پەکخستنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دروستبوونی تەنگەژەی تەندروستی.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کارمەندانی نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمن تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا گردبوونەوەیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی پارەی هاندانی مانگانەیان، کە ماوەی پێنج مانگە وەریاننەگرتووە.

کارمەندانی نەخۆشخانەکە هۆشدارییاندا کە ئەگەر بەمەوەهاتن نەبێت بۆ داواکارییەکانیان لەبەشەکانی چاودێریی چڕیش ماندەگرن و کارەکانیان ڕادەگرن.

لەوبارەیەوە دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەوان پاڵپشتیی داواکارییەکانی کارمەندانی تەندروستی دەکەن لەنەخۆشخانەکانی کۆرۆنا، داواکارییەکانیان بەرزدەکەنەوە بۆ وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی پارەکە مانگانە 200 ملیۆن بۆ 250 ملیۆن دینارە کەبڕێکی ئەوەندە زۆر نییە نەتوانرێت دابینبکرێت.

وتیشی، ئەگەر ئەو پارەیە مانگانە خەرجبکرێت ئەم کێشانە دروست نابێت، لەکاتێدا مانگەکانی یەک تاوەکو شەشی ئەمساڵ خەرجکراوە و تەنها ئەم مانگانەی کۆتایی ماوە کەسەرجەمی بەیەکەوە بڕی 900 ملیۆن دینارە.

هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر کارمەندانی نەخۆشخانەکانی ڕووبەڕووی کۆرۆنا بەردەوامبن لەمانگرتن و شایستەکانیان پینەدرێت ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دێتەخوارەوە و تووشی تەنگژەی تەندروستی دەبین.

هۆکاری خەرجنەکردنی ئەو بڕە پارەیە بەوتەی دکتۆر هێرش سەید سەلیم ئەوەیە، حکومەت ساڵانە تەنها یەک جار پارەی هاندان بۆ وەزارەتی تەندروستی خەرجدەکات کە بڕەکەی سێ ملیار دینارە، بۆیە بۆ ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەکی دیکە خەرجناکرێت، بەڵام بۆ ساڵی 2022 ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی چوار ملیار دیناری دیکە دراوە کە بڕی ملیارێک دینار بۆ هاندان زیادکراوە.

بابەتی پێشتر

سبەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

یەکگرتوو داوا لە ئێران دەکات ڕۆڵی هەبێت لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share