پەرلەمانی کوردستان لەسەر داهات کۆدەبێتەوە و پەرلەمانتارێک وردەکاریی داهاتەکانی هەرێم دەخاتەڕوو

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە چەند پرسێک کۆببێتەوە، لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە داهاتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕووی ڕاپۆرتی لیژنەی داراییە. لەوبارەیەوە عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، داهاتی نەوت تەنها 42%ی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی گومانەکانە لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان و زۆریی خەرجییەکان، لیژنەی دارایی لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ڕاسپێردران بۆ بەدواداچوونی ناشەفافییەت لە داهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا.

داهاتی نەوت

داهاتی نەوت، لەکۆی یەک تریلیۆن و 215 ملیار دیناری مانگانە تەنها 512 ملیار دیناری مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، کە دەکاتە 42%ی کۆی داهاتی نەوت.

هۆکارەکانی گەڕانەوەی بڕێکی زۆر کەمی داهاتی نەوت

یەکەم: گرێبەستە خراپەکانە کە لە ساڵانی پێشوودا کراون لەگەڵ کۆمپانیاکان کە گرێبەستی هاوبەشین لە بەرهەم.

دووەم: نەبوونی چاودێری و وردبینی و پێداچوونەوە بە خەرجییەکان کە هیچ دەزگایەکی کوردستان نە پەرلەمان و نە دیوانی چاودێری و نە دەستەی دەستپاکی، چاودێریی دۆسیەی نەوت ناکەن، تەنها حکومەت لەڕێگەی کۆمپانیای دیلۆیتەوە پرۆسەی وردبینی ئەنجامدەدات.

سێیەم: بەپێی وردبینییەکانی دیلۆیت کە تەنها پێداچوونەوەی بۆ یەک گرێبەست کردووە و دەرکەوتووە ئەو خەرجییانەی بۆیدەکات زیادەن و شایستەکانی کۆمپانیاکە تەواوبوون.

چوارەم: گرێبەستی خراپ لە بەرژەوەندیی کەس و لایەنی دیاریکراو بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی.

پێنجەم: فرۆشتنی نەوتی پێشوەختە بە نرخی کەمتر.

ئەگەر پرۆسەی وردبینی بدرێت بە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و پێداچوونەوە بە گرێبەستەکان و خەرجییەکاندا بکرێت، ئەوا داهاتی نەوت لە 512 ملیار دینارەوە زیاددەکات بۆ لانیکەم 750 ملیار دینار کە دەکاتە 60%ی داهاتەکان.

ئەو گەندەڵییانەی دەکرێن لە داهاتی نەوتدا، ڕێگریکردن لە دیوانی چاودێری بۆ وردبینیکردن لە دۆسیەی نەوت، ناشەفافی لە زانیارییەکان سەبارەت بە داهاتی نەوت و پێدانی بڕی 22 هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای کار ڕۆژانە کە دەدرێتەوە بە دوو کۆمپانیا بەشێوەی قۆرخکاری و کۆمپانیاکانی شارەکانی دیکەی لێبێبەشن.

داهاتی سەرچاوە گومرگییەکان

بەپێی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و نوێنەرانی ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی 2021 داهاتی گومرگی بریتیبووە لە 139 ملیار دینار کە ئەمەش کەمترە لەو بڕەی لە پەرلەمان خەمڵاندنمان بۆ کردووە کە 300 ملیار دینارە.

داهاتی باج

لە ساڵی 2019 بریتی بووە لە 51 ملیار دینار، لە ساڵی 2020 بڕەکەی کەمبووەتەوە بۆ 45 ملیار و ساڵی 2021 زیاتر کەمبووەتەوە بۆ 40 ملیار دیناری مانگانە، لەکاتێکدا باس لە چاکسازی دەکرێت و داهاتیش بۆ هەرساڵێک پێنج ملیار کەمیکردووە.

 

بابەتی پێشتر

هاوخەمی بۆ هەولێر.. لە سلێمانی ئاهەنگی فەرمی بۆ سەری ساڵ ناکرێت

بابەتی دواتر

کەشناسی کەمبوونەوەی مەودای بینینی لەبەشێک لەناوچەکانی هەرێم بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share