تەندروستیی جیهانی هیواخوازە كۆرۆنا لە 2022دا كۆتایی بێت

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی هیوای ئەوە دەخوازێت ساڵی 2022 “ساڵی كۆتاییهاتنی پەتای كۆڤید-19 بێت”.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی بۆنەكانی سەری ساڵ تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، باشترە چالاكی و بۆنەكان لەئێستادا ڕەتبكرێنەوە و “ئاهەنگەكان لە كاتێكی دیكەدا ئەنجامبدرێن، لەجیاتی ئاهەنگگێڕانی ئێستا و نیگەرانی دواتر”.

هەروەك، لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێف-ی سویسرا سازیدا، ڕێنوێنی دایە خێزان و تاكەكان كە دەیانەوێت هەندێك لە كاتەكانیان پێكەوە بەسەرببەن لەمیانەی بۆنەكانی سەری ساڵدا كە “هەڵیبوەشێننەوە باشترە لە لەدەستدانی گیانی یەكێك”، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری مەترسی گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنێوانیاندا.

وتیشی، “ساڵی داهاتوو، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی پابەندە بە ئەنجامدانی هەرچی لەتوانایدایە بۆ لەناوبردنی پەتاكە”.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوەكە داواكەیشی دووپاتكردەوە بۆ باشكردنی هەلی بەدەستهێنانی ڤاكسین لە وڵاتە بێبەشەكان و وتی، “گەر دەمانەوێت لە ساڵی داهاتوودا كۆتایی بە پەتاكە بهێنین، پێویستە نایەكسانی (لە ڤاكسیندا) كۆتایی پێبهێنین، لەڕێی زامنكردنی كوتانی 70%ی دانیشتووانی هەموو وڵاتێك تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو”.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دژایەتی ژەمە پاڵپشتییەكان ناكات، بەڵام دوپاتی پێویستی سنوورداركردنی دەكاتەوە بۆ ئەو كەسانەی لە بەردەم مەترسیدان یان ئەوانەی تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاترە.

ئەدهانۆم وتیشی، “ئێمە ڕووبەڕووی زستانێكی دیكەی قورس دەبینەوە، بەڵام باوەڕیشمان وایە دەتوانین تێیپەڕێنین لەڕێی هەماهەنگییەوە”.

بابەتی پێشتر

شەوی یەڵدا لە ڕووی زانستیەوە

بابەتی دواتر

تەرمی 16 كۆچبەری كورد لە فەڕەنساوە دەگەڕێندرێنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share