عێراق پلەی 142ـەمینی ڕیزبەندیی ئەو وڵاتانەی گرتووە كە دانیشتووانەكانیان خۆشگوزەرانن.
پەیمانگەی لێگاتومی بەریتانی ساڵانە ئامارێك بڵاودەكاتەوە كە ڕیزبەندیی وڵاتان بەپێی ڕادەی خۆشگوزەرانیی دانیشتووانیان نیشاندەدات، ئەمساڵ پێوەرەكانی ئامارەكە دەڵێن، عێراق لە ڕیزبەندیی 142ـەمیندایە.
پێوەرەكانی پەیمانگەكە بریتین لە سامان، گەشەی ئابوری، جۆری ژیان، تەندروستی، فێركردن و خۆشگوزەرانیی تاكەكەس، لەڕێگەی دەستنیشانكردنی بەهێزی و لاوازیی ئەو كەرتانەوە، هەڵسەنگاندن بۆ وڵاتان دەكرێت و ڕادەی خۆشگوزەرانیی تاكەكانی دیاریدەكرێت.
ئەو وڵاتانەی ئامارەكە دەیانگرێتەوە، ژمارەیان 167 وڵاتە و عێراق ئەمساڵ لە پلەی 142ـەمیندایە، لەكاتێكدا ئیمارات پلەی یەكەمی لەنێو وڵاتانی عەرەبی و 41ـەمینی جیهانی گرتووە، بەدوای ئەویشدا قەتەڕ دێت كە ڕیزبەندیی دووەمینی عەرەبی و 46ـەمینی جیهانی مسۆگەركردووە.
پەیمانگەی لێگاتوم دەڵێت، دەنیمارك لەسەرووی لیستەكەدایە و پلەی یەكەمی جیهانی بەدەستهێناوە لەڕووی خۆشگوزەرانییەوە، بەدوایدا نەرویج، سوید، فینلەندا و سویسرا دێن.