لێبوردنی نێودەوڵەتی: پۆڵەندا مامەڵەی توندی لەگەڵ كۆچبەران كردووە

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا مامەڵەی توندیان لەگەڵ ئەو كۆچبەرانەدا كردووە كە هەوڵیانداوە سنووری پۆڵەندا – بیلاڕوسیا تێبپەڕێنن.

بەپێی ڕێكخراوەكە سوپای پۆڵەندا بەشێوەی نایاسایی كۆچبەرانیان بۆ ناو خاكی بیلاڕوسیا دەركردووە، لەڕێی بەكارهێنانی پرژەی بیبەر و دار لەدژیان.

ڕێكخراوەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “پۆڵەندا بەڕوونیی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان پێشێلدەكات، لەوانەش قەدەغەی ئەشكەنجە یان ئەوانی دیكە لە ڕێگاكانی خراپ مامەڵەكردن”.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دووپاتیدەكاتەوە، سەرجەم ئەو كۆچبەرانەی لەگەڵ ئەندامەكانیان قسەیان كردووە، بە تەنها یەكێكیان نەبێت، ئاماژەیان بەوەداوە كە گەڕاندنەوەیان بۆ بیلاڕوسیا بەبێ گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەكان بووە.

نوێنەرانی ڕێكخراوەكە دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا تۆمەتباردەكەن بەوەی لەكاتی دەركردنی بەكۆمەڵدا، ڕێگرییان لە سەرجەم هەوڵەكانی كۆچبەران بۆ داواكردنی مافی مانەوە لە یەكێتیی ئەوروپا كردووە، ئەمەش مانای پشتگوێخستنی تەواوی پابەندییەكانی ئەوروپا بە یاسا نێودەوڵەتی و ئەوروپییەكان نیشاندەدات.

لەمیانەی هەموو ئەوانەدا، چەندین حاڵەتی بەكارهێنانی نایاسایی هێز لەلایەن سەربازە پۆڵەندییەكان دژ بە كۆچبەران تۆماركراون.

هاوڵاتییەكی سوری وتوویەتی، پۆڵەندییەكان لەگەڵ هاوسەرەكەی و دوو منداڵیدا خزاندویاننەتە ئۆتۆمبێلێكی سەربازییەوە و بۆ شوێنێكی دوورەدەست دەربەدەریان كردوون، یەكێك لە سەربازەكان پرژەی بیبەری پێداكردوون كاتێك گوێی لێبووە قسەدەكەن.

یەكێك لە ئێزدییەكانیش بە نوێنەرانی ڕێكخراوەكەی وتووە كە سوپای پۆڵەندا لەگەڵ ژمارەیەك دەستگیركراوی دیكەدا گواستویاننەتەوە بۆ ڕووبارێك كە ناوی نەزانیوە “بە پانی 10 تا 15 مەتر، بەڵام قووڵ و شەپۆلدار” لەسەر سنوورەكان لەگەڵ بیلاڕوسیا، لەوێ لە ئۆتۆمبێلەكانەوە بۆناو ئاوەكە پاڵیان پێوەناون، هەر كەسێكیش ناڕەزایی دەربڕیبێت بە دار لێیانداوە.

بابەتی پێشتر

کێ یەکەم ئۆتۆمبێلی ھێنایە عێراق؟

بابەتی دواتر

لە ڕادەی خۆشگوزەرانیدا عێراق پلەی 142ـەمینی وڵاتانی گرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share