جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم چارەنووسی مووچەی بەستەوە بە 200 ملیارەکەی بەغدادەوە و گلەیی ئەوەیکرد کە بەغداد دوو مانگە پارەکەی نەناردووە، بۆیە ناچارن دەست بۆ داهاتی ئەم مانگە ببەن بۆ مووچەی مانگی ڕابردوو.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “حکومەتی عێراق نائومێد بووە لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم و لەو ماوەیەی کە 200 ملیار دینارەکە لە بەغدادەوە ڕەوانەکراوە، تا ئێستا حکومەتی هەرێم پابەندنەبووە بە بەڵێنەکانیەوە”.
وتیشی، “وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق نایەوێت پارەکە بنێرێت و لە بەرامبەردا داوای پابەندیی حکومەتی هەرێم دەکات، بەڵام حکومەت ئەو پابەندییەی نەبووە، چونکە ئەو پرسە لەسەرەتاوە تەنها لێکتێگەیشتنێکی نێوان هەردوولا بووە و هیچ یاسایەک نییە تا بەغداد پابەند بکات”.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند، “مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕوونی بە شاندی پارتی وتووە، کورد پابەند نەبووە و پارەکە بەستراوەتەوە بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمەوە، بۆیە ڕەوانەکردنی قورسە”.
بە وتەی ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئێستا فشارەکان لەسەر مستەفا کازمی زۆرتر بووە لەبارەی پرسی ناردنی پارە بۆ هەرێم.
ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی نەناردنی 200 ملیارەکەی بەغداد، ناچارن مووچەی مانگی تشرینی دووەمی ئەو شوێنانەی کە ماون، لەسەر داهاتی ئەم مانگە خەرجبکەن.
بە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی داراییدا دەردەکەوێت کە نائومێدبووە لە ناردنی 200 ملیار دینارەكە و ناچارە لە داهاتی ئەم مانگە مووچەی مانگی ڕابردووی وەزارەتەکان دابەشبکات، ئەوەش بە ئەگەرێكی زۆر کێشە بۆ مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆران دروستدەکات.