ڕۆژنامەیەكی بەریتانی ئاشكرایدەكات، ڕژێمەكەی سەدام 2000 تاوانی جەنگی دژ بە بەریتانییەكان لە كوەیت لە ساڵی 1990دا ئەنجامداوە و بەشێك لەو كەسانە دوای ڕزگاربوونیان، خودكوژییان كردووە و هەندێكیان بە جەڵتەی دڵ مردوون، باس لەوەش دەكرێت كە بەریتانیا سیخوڕی خزاندبێتە ڕیزەكانی ئەو كەسانەوە بەبێ ئەوەی پێیبزانن، ئەوەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی زیاتر لە 300 كەسیان بكەونە داوی ڕژێمەوە.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵ، زانیارییەكانی ناو ڕاپۆرتێكی بەریتانی ئاشكراكردووە كە ماوەی 30 ساڵ بوو لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە بە نهێنی هێڵدرابووەوە.
بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە، لەكاتی جەنگی كوەیت لە ساڵی 1990دا، رژێمەكەی سەدام حسێن تاوانی جەنگی دژ بە 2000 بەریتانی ئەنجامداوە و بریتیبوون لە كوشتن و ئەشكەنجەدان.
بەشێك لە زانیارییەكانی ناو ڕاپۆرتەكەی حكومەتی بەریتانیا كە ڕۆژنامەكە ئاشكرایكردوون، ساڵی 1992 لەلایەن لێكۆڵەرەوانی تایبەتی پۆلیسی سەربازیی شاهانەی بەریتانیاوە كۆكراونەتەوە. ئەو زانیارییانە باس لەوە دەكەن كە هێزەكانی ڕژێمەكەی سەدام 1373 كەسی بەریتانییان لە كوەیت بە بارمتە گرتوون، 556یان وەك قەڵغانی مرۆیی بەكارهێنراون، 300 لەو كەسانە سەرنشینانی ئەو فڕۆكەیە بوون كە شەوی داگیركردنی كوەیت لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە، لە لەندەنەوە بەرەو كوەیت بەڕێكەوتبوو.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووی ئابی ساڵی 1990 سوپای عێراق كوەیتی داگیركرد، هەمان ڕۆژ فڕۆكەیەكی بەریتانی بە 367 سەرنشینەوە گەیشتە فڕۆكەخانەی كوەیت. بە گەیشتنیان بە فڕۆكەخانەكە، تیمی فڕۆكەوانی و سەرنشینانی فڕۆكەكە لەلایەن سوپای عێراقەوە بەدیلگیران و دوای چەند ڕۆژێك گواسترانەوە بۆ بەغداد و ماوەیەكی زۆر وەك قەڵغانی مرۆیی بەكارهێنران، سەرباری ئەوەی ژیانیان لە مەترسیدا بوو، ڕووبەڕووی ئازار و سووكایەتیپێكردنی زۆر بووبوونەوە.
مانگی ڕابردوو حكومەتی بەریتانیا دانی بەوەدا نا كە شەوی هێرشەكە، باڵیۆزی بەریتانیا لە كوەیت حكومەتی وڵاتەكەی لە داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام حكومەتی بەریتانیا و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی، تیمی فڕۆكەكەیان لەو ڕووداوە ئاگادارنەكردووەتەوە كە دەكرا بەوە فڕۆكەكە ئاراستەكەی بگۆڕێت و تیم و سەرنشینەكانی تووشی ئەو چارەنووسە نەدەبوون.
بەشێك لە سەرنشینانی فڕۆكەكە دەڵێن، حكومەتی بەریتانیا نۆ بەرپرسی هەواڵگریی بەریتانیای بەهەمان فڕۆكە بە نهێنی ناردبوو بۆ كوەیت، هەر ئەوەش هۆكاری ئەوە بووە كە گەشتەكە هەڵنەوەشێندرێتەوە، بەڵام لیز تروس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، ئەوە ڕاستنییە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دانی بەوەدا نا كە باڵیۆزی بەریتانیا لە كوەیت، پێشوەخت حكومەتی وڵاتەكەی لە داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە ئاگاداركردووەتەوە، بۆ ئەوەش داوای لێبوردنی كرد و وتی، بەدرێژایی ئەو 30 ساڵە، هەرگیز بانگەوازەكەی باڵیۆزی بەریتانیا كە وتبووی كوەیت داگیركراوە ئاشكرانەكراوە، دۆسیەكە نە لەبەردەم پەرلەمان و نە لەبەردەم ڕای گشتیدا ئاشكرانەكراوە.
دوای گەیشتنی فڕۆكەكە بە كوەیت لە ڕۆژی داگیركردنی ئەو وڵاتەدا، دەسەڵاتدارانی عێراق، سەرنشینەكانیان دەستبەسەركرد و بەدرێژایی ماوەی چوار مانگی دواتر وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاریهێنان و بەسەر ئەو دامەزراوە و بارەگایانەدا دابەشیانكردبوون كە ئەگەری بۆردومانكردنیان لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە هەبوو.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵ دەڵێت، ڕژێمەكەی سەدام زۆر بە خراپیی مامەڵەی لەگەڵ ئەو كەسانەدا كردووە، هەشت لەو كەسانە بەهۆی ئەو مامەڵەیەوە دوای ئازادكردنیان یان بە جەڵتەی دڵ مردوون، یاخود خۆیان كوشتوون.