لە شەش ساڵدا زیاتر لە 596 هەزار كەس لە عێراق و هەرێمەوە كۆچیان كردووە

لەماوەی شەش ساڵدا زیاتر لە 596 هەزار كەس لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە ‏كۆچیان كردووە، بەپێی داتای نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە ساڵی 2020دا، 281 ملیۆن ‏کەس بە کۆچبەر هەژمارکراون لەسەرتاسەری جیهاندا، کە دەکاتە نزیکەی 3.6%ی ‏دانیشتووانی گۆی زەوی، لە ئەمساڵدا. ‏

پێنجشەممەی ڕابردوو ڕۆژی جیهانیی كۆچبەران بوو، دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ‏پەنابەران ئاماری شەش ساڵی ڕابردووی كۆچ و قوربانییەكانی لە عێراق و هەرێمی ‏كوردستان بڵاوكردەوە.‏

بەپێی ئامارەكانی دەزگای لوتکە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 596 هەزار ‏كەس لە عێراق و هەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە، 251 کەس گیانیان لەدەستداوە، ‏‏173 کەسیش بێسەروشوێن بوون.‏

بەپێی داتاكان، لەساڵی 2015دا 156 هەزار و 422 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان ‏کۆچیانکردووە، لەو ژمارەیە 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسیش بێسەروشوێن ‏بوون.‏

لەساڵی 2016دا 160 هەزار و 717 کەس کۆچیانکردووە و 78 کەس گیانیان لەدەستداوە ‏و 54یش بێسەروشوێن بوون، ساڵی 2017 لە عێراق و هەرێم 92 هەزار و 961 کەس ‏کۆچیانکردووە و 29 کەس گیانیان لەدەستداوە و 67 کەسیش بێسەروشوێن بوون.‏

هەر بەپێی داتاكانی لوتكە، ساڵی 2018 ژمارەی کۆچبەران 69 هەزار و 203 کەس و ‏گیانلەدەستدان 54 و بێسەروشوێن 18، ساڵی 2019 ژمارەی کۆچبەران 53 هەزار و ‏‏240 کەس و گیانلەدەستدان 47 و بێسەروشوێن 10 کەسبوون. ‏

ساڵی 2020 ژمارەی کۆچبەران 34 هەزار کەس و گیانلەدەستدان 18 و بێسەروشوێن 17 ‏كۆچبەر بوون، لەكاتێكدا ئەمساڵ نزیكەی 53 هەزار كەس لە عێراق و هەرێمی ‏كوردستان كۆچیانكردووە، 36 كەس گیانیان لەدەستداوە و 17 كەسیش بێسەروشوێن ‏بوون.‏

دەزگاكە پێشیوایە، کۆچی بەکۆمەڵ لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیانی گەورە دەدات و ‏دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەنج، نایەکسانیی جێندەری و نەمانی دەستی کار.‏

دەزگای لوتکە چەند داواكارییەكیشی هەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوەڵەتی و ڕێکخراوە ‏جیهانییەکان، بریتین لە:‏

 

‏-‏        ڕێگەنەدرێت کۆچ وەک کارتێک بەکاربهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی ‏سیاسی و ئابوریی وڵاتان. ‏

‏-‏        حکومەتەكانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ ‏کەمکردنەوەی کۆچی هاوڵاتییەکانیان.‏

‏-‏        داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێتە ئەو کۆچبەرانەی ‏کە پێویستیان بەهاوکاریی مرۆییە. ‏

‏-‏       داواکارین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتەكانی عێراق و هەرێمی کوردستان ‏دەکەین هاوکاربن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی ‏کوردستان.‏

بابەتی پێشتر

چێوەی هەماهەنگی: لەگەڵ لایەنە كوردییەكان دانوستاندن دەكەین و سێ سەرۆكایەتییەكە هەڵدەبژێرین

بابەتی دواتر

سبه‌ینێش مووچه‌ى تەنها یەك وه‌زاره‌ت دابه‌شده‌كرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share