هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.. وادەی داخستنی دوایین كەمپی ئاوارەبووان ڕاگەیەنرا

عێراق سوورە لەسەر داخستنی لەم مانگەدا

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوا كەمیی ئاوارەبووان بەهۆی جەنگی دژ بە داعش لە موسڵە و لەماوەی ئەم مانگەدا دادەخرێت، بەڵام دووپاتیكردەوە، داخستنی كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان ئەستەمە.

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەران ڕایگەیاند، وەزارەتەكەیان كەمپی ئاوارەبووانی لە سەرجەم پارێزگاكان داخستووە، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان.

وتیشی، “لەم مانگەدا كەمپی جدعە دادەخرێت كە دوایین كەمپی ئاوارەبووانە لە موسڵ”.

وەزیری كۆچ باسی لە ئەستەمی داخستنی كەمپەكانی كوردستان كرد بەهۆی ئەوەی سەر بە حكومەتی هەرێمە و وتی، وەزارەتەكەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كاردەكات لەسەر داخستنی كەمپەكانی دهۆك، هەولێر و سلێمانی.

شەڕی دژ بە داعش كە لە ساڵی 2014 دەستیپێكرد و حكومەتی عێراق لە ساڵی 2017 كۆتایی هێنانی ڕاگەیاند، بووە هۆی ئاوارەبوونی شەش ملیۆن كەس لەناوخۆی عێراق، وەك ئەوەی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، سەدان هەزار خێزان پاش چوار ساڵ گەڕاونەتەوە ماڵوحاڵی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا “تائێستا نزیكەی 1.2 ملیۆن كەس لە حاڵەتی ئاوارەبووندان”.

وەزیری كۆچ ئەوەی خستەڕوو، ئیرادەیەكە ڕاستەقینە نییە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە لەپێناو كۆتایی هێنان بە دۆسیەی كۆچ، هەروەك داوای كردنەوەی دەرگای گفتوگۆی لەنێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند كرد بۆ كۆتایی هێنان بەو دۆسیەیە.

بەپێی وتەی كەریم نوری، بریكاری وەزارەتەكەش جگە لەو كەمپەی موسڵ، لەئێستادا 26 كەمپی ئاوارەبووان لە هەرێمی كوردستان هەن و وتی، “هەماهەنگی لەگەڵ كوردستان هەیە بۆ داخستنی كەمپەكان”.

بابەتی پێشتر

عادل ئیمام.. فیرعەونی کۆمیدیای میسری

بابەتی دواتر

به‌له‌مێك به‌ 84 كۆچبه‌ره‌وه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانى تونس نوقم بوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share