وەزیری تەندروستی: مامۆستایان و فەرمانبەران تا سەرەتای مانگی داهاتوو مۆڵەتیان هەیە بۆ خۆڤاکسینکردن

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، جەختی لە ڕێکارەکانی پەیوەست بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن کردەوە لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، ڤاکسینەکان کاریگەرییان لەسەری هەیە و فەرمانبەران و مامۆستایان مەرجی دەوامکردنیان کارتی ڤاکسینە و تا سەرەتای مانگی داهاتووش مۆڵەتیان هەیە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ڕۆژانە و بەبەردەوامیی چاودێریی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەکەن و تائێستا حاڵەتیان تۆمارنەکردووە.

وەزیری تەندروستی وتی، “ئەوانەی ئێستا گومان لێکراون تەنها ئەو کەسانەن کە لەو وڵاتانەی ڤایرۆسەکەیان تێدا تۆمارکراوە گەڕاونەتەوە، هەوڵەکانی ئێمە بۆ ئامادەکارییە بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە، ئەگەرنا ڕێکكارەکان و چارەسەرەکانیش هەمان ئەوانەی پێشوون”.

جەختیکردەوە لەوەی “بەدڵنیاییەوە ڤاکسینەکان کاریگەرییان لەسەر گۆڕاوی ئۆمیکرۆنیش هەیە”.

داواشی لە هاوڵاتییان کرد بڕۆن بۆ خۆڤاکسینکردن و رایگەیاند، “فەرمانبەران و مامۆستایان مەرجی دەوامکردنیان کارتی ڤاکسینە کە تا سەرەتای مانگی داهاتوو مۆڵەتیان هەیە، ئەگەرنا پێویستە هەفتانە پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامبدەن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی تایبەتمان هەیە بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە چاودێریی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن”.

سەبارەت بە کێشەی دەرمان و کۆمپانیاکانی دەرمان دکتۆر سامان بەرزنجی وتی، “یەکێک لە کێشەکانی دەرمان بریتییە لە دابینکردنی شایستە داراییەکان، ئەوەش بڕیاری تەرخانکردنەکەی دراوە، بەڵام پارەی نەختینەی پێویست بۆ ئەوە نییە، هیوادارین وەزارەتی دارایی لەکاتی خۆیدا ئەو شایستانە خەرجبکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانە گرنگەکان کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵک و حاڵەتە کتوپڕەکان و پێداویستیی هۆڵەکانی نەشتەرگەری نەوەستاون و بەردەوام دابینکراون”.

وەزیری تەندروستی دەڵێت، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە نزیکەی 100 ملیار دینار بەشێوازی جیاواز بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەرجکراوە و لە دوایین جاریشدا وەزارەتی تەندروستی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەر خەرجکردنی بڕی 10 ملیار دینار وەرگرت کە چوار ملیار دیناری بۆ پاداشت و هاندانی ئەو پزیشک و کارمەندانەیە كە لە ناوەندەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادان.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر 47 لاپتۆپی نەتەوە یەكگرتووەكان دزرا

بابەتی دواتر

دەزگای لوتکە: 17 لەو 27 کۆچبەرەی لەکەناڵی ئینگلیز خنکان کوردن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share