فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” و دەرهێنەرەكەی لە چین خەڵاتكران

شوان عەتوف و ڕەز هەڵكەوت لەمیانی نماییشكردنی فیلمەكە لە هەرێمی كوردستان

تورەج ئەسڵانی، كە دەرهێنەرێكی سینەمایی كوردە، بە فیلمی “بێنیشتمان” بەشداریی فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتیی كرد لە چین و خەڵاتی “دەرهێنەری نوێخواز”ی پێدرا، خودی فیلمەكەش خەڵاتی وەرگرت.

ڕۆژی 8ی ئەم مانگە خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ” گوڵدن سلیک ڕۆد – ڕێگەی ئاوریشم” لە چین دەستیپێكرد و پێنج ڕۆژی خایاند، زیاتر لە 100 بەرهەمی سینەماکارانی جیهان نماییشكران.

فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان”، كە بەرهەمێكی كوردستانییە و بە هاوبەشیی کۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” لە باكووری كوردستان و ڕەز هەڵکەوت لە باشووری كوردستانەوە بەرهەمهێنراوە، بەشداریی فێستیڤاڵەكەی كرد.

ئەسڵانی-ی دەرهێنەری فیلمەكە خەڵاتی “دەرهێنەری نوێخواز”ی لەلایەن لیژنەی داوەریی فێستیڤاڵەكەوە پێبەخشرا، خودی فیلمەكەش خەڵاتی “گوڵدن سلیک ڕۆد”ی پێدرا.

هەریەكە لە هانی موجتەهیدی، شوان ‏عەتوف و چەندین هەرنەرمەندی دیكەی پارچەكانی كوردستان بە نواندن بەشدارییان لە فیلمی “بێنیشتمان” كردووە و فیلمەكە بە زمانەكانی کوردی، تورکی، عەرەبی و فارسییە.

شوان عەتوف لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك لەوبارەیەوە نووسیویەتی، “فیلمی سینەمایی کوردی بێنیشتمان، لە خولی ھەشتەمی فێستڤاڵی گوڵدن سلیک ڕۆد، لە وڵاتی چین، خەڵاتی باشترین فیلمی وەرگرت، پیرۆزە لە سینەمای کوردی”.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا لە بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران نیگەرانە

بابەتی دواتر

بومەلەرزەیەكی بەهێز لە ئیندۆنیسیا مەترسیی تسۆنامیی لێدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share