شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لەمڕۆوە ناوچەکانمان کەشێکی بەهاریی بەخۆیانەوە دەبینن.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، نزمە پاڵەپەستۆ رووکەشییە گەرمەکان چالاکبوون و لە ئەمڕۆ دووشەممەوە، ناوچەکەمان کەشێکی بەهارییانە بەخۆیەوە دەبینێت تا ماوەیەکی درێژخایان و بەردەوام بارستەهەوای گەرمی بیابانەکانی باکووری ئەفریقا بەسەر ناوچەکەدا تێپەڕدەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەدرێژایی ئەو ماوەیە، هەوای رووی زەوی بەرەو گەرمبوونی زیاتر دەچێت لەگەڵ بەردەوامیی جووڵەی بارستەهەوای سارد لە چینە بەرزەکانی هەوای ناوچەکەدا، کە ئەوەش ناجێگیری دروستدەکات و تا ناوەڕاستی مانگ، دەرفەت دەدات هەورەبروسکە، تاوەباران و تەرزە دروستببێت.