پۆڵ بریمەر باسی ساتی یەکەمی دەستگیرکردنی سەدام حسێن دەکات

یەکەمین حاکمی مەدەنی لە عێراق باسی ساتی دەستگیرکردنی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراق دەکات و دەڵێت، لە ماڵەوە بووم کاتێک پەیوەندییان پێوەکردم و وتیان کەسێکیان لەشێوەی سەدام دەستگیرکردووە”.

پۆڵ بریمەر، یەکەمین حاکمی مەدەنی ئەمریکا لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ئێم بی سی” ڕایگەیاند، “لەسەر تەختی خەوەکەم بووم کاتێک پەیوەندییان پێوەکردم کە شتێک ڕوویداوە، دەبوو خۆم بگەیەنمە نووسینگەکەم بۆ ئەوەی پەیوەندییەکەم پارێزراوبێت، لەوێ کاتێک پەیوەندیمکرد پێیان ڕاگەیاندم کە کەسێکی هاوشێوەی سەدام حسێن-یان دەستگیرکردووە، بەڵام دڵنیانین لەوەی سەدام حسێنە یان نا”.

بریمەر دەڵێت، “پەیوەندیم کرد بە جەنەراڵ (ئەبو زەید)ەوە لە عێراق و وتم بەهێزترین نیشانەی لێکچووی ئەو کەسە و سەدام حسێنم پێبڵێن، چونکە سەدام پێشتر هاوشێوەی خۆی بەکارهێناوە”.

بەپێی وتەکانی بریمەر، “ئەبو زەید وتوویەتی ئەو کەسەی لە نزیک تکریت دەستگیرکراوە گواستمانەوە بۆ لای دەستگیرکراوانی دیکەی حزبی بەعس و دوای ماوەیەک پشکنینی DNAمان بۆکرد و دەرکەوت کە بەڵێ ئەوە سەدام حسێنە”.

پۆڵ بریمەر ڕایگەیاند، “یەکەمجار پلانە سەربازییەکە ئەوە بووە، کە سەدام حسێن دوای دەستگیرکردنی ڕەوانەبکرێت بۆ ناو کەشتییەک لە ئاوەکانی کەنداو، بەڵام من ئەوەم ڕەتکردەوە و پێموتن سەدام حسێن بەندکراوێکی عێراقییە و دەبێت لەناو خاکی عێراقدا بێت”.

لەبارەی ڕۆژی ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی سەدام حسێن، بریمەر دەڵێت، “نیشاندانی بەندکراوێک بەو شێوەیە دژی ڕێککەوتننامەی جنێڤە، بەڵام ناچاربووین عێراقییەکان باوەڕپێبهێنین کە سەدام دەستگیرکراوە و لای ئێمەیە، ناچاربووین ئەو هەنگاوە هەڵبگرین، ئەگەرچی دژی ڕێککەوتننامەی جنێڤیش بێت”.

لەبارەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی لەسێدارەدانی سەدام حسێن، یەکەم حاكمی مەدەنیی عێراق ڕایگەیاند، “ئەوەی کە لەسێدارەی دا و وێنەکانی بڵاوکردەوە، هەڵەی ئێمە نەبووە و لایەنەکانی عێراق ئەو هەڵەیەیان ئەنجامدا”.

ڕۆژی 13ی 12ی ساڵی 2003 سەدام حسێن لە حەشارگەیەک لە نزیک شاری تکریت دۆزرایەوە و دواتر ڤیدیۆکەی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە.

بابەتی پێشتر

كاتی گەڕانەوەی نێیمار دوادەكەوێت

بابەتی دواتر

ئەمجارە لیرە پێش لێدوانێكی چاوەڕوانكراوی ئەردۆغان دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share