لە کۆی 22 سەرۆک و پادشای عەرەب هەشتیان بەشداریی لوتکەی بەغدادیان کرد

شەوی رابردوو خولی 34ەمینی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی کە لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو کۆتایی بەکارەکانی هێنا.

خولی 34ەمینی لوتکەی عەرەبی بە بەشداریی ژمارەیەک لە سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی و ئەمینداری گشتی کۆمکاریی عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و نوێنەرانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپی وەک ئیسپانیا و دەستە نێودەوڵەتییەکان ئامادەبوون.

لە کۆڕبەندەکەدا بانگهێشتنامە بۆ هەر 22 سەرۆک و پادشاکانی وڵاتانی عەرەبی چووبوو، بەڵام تەنها هەشتیان ئامادەبوون و 14 یان ئامادەنەبوون.

هیشام عەلەوی بریكاری وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، چاوەڕوانی ئامادەنەبوونی بەشێک لە سەرکردە عەرەبییەکان بووین، بەڵام بە ئامادەنەبوونی هەندێکی دیکەیان شۆکبووین.

لە دیارترین ئەو سەرکردانەی ئامادەی لوتکەکە نەبوون شا عەبدوڵا پادشای ئوردن و محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە و پادشای بەحرەین بوون.

لەو بارەیەوە هیشام عەلەوی باسیلەوەکرد، چاوەڕوانی ئامادەنەبوونی پادشای نەدەکرد، پێشتر رێککەوتنێک هەبوو لەسەر ئەنجامدانی لوتکەی سێ قۆڵی، هەروەها چاوەڕوانی ئامادەنەبوونی شای بەحرەینمان نەدەکرد، چونکە بە شێوەیەکی پرۆتۆکۆڵ وا گریمانە دەکرێت پۆستی سەرۆکایەتی لوتکەی رادەستی عێراق بكات.

لای خۆیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، نیوەی سەرکردەکانی عەرەب ئامادەبوون ئەمە ژمارەیەکی باشە، ئامادەنەبوونی ئەو ژمارەیە لە گرنگی لوتکەکە کەمناکاتەوە.

لوتکەی عەرەبی لە بەغداد بەسەر سێ دانیشتندا دابەشکرابوو، زۆرێک لە ئامادەبووان وتاری خۆیان پێشکەشکرد، بەڵام بەشێکیان بێ هیچ روونکردنەوەیەک وتارەکانیان پێشەکش نەکرد.

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لەم بارەیەوە ئاشکرایکرد، بەشێک لە وەفدەکان وتارەکانیان رادەستکردنین، بەڵام ئامادەنەبوون پێشکەشی بکەین، بۆ زانینی هۆکاری ئەمانەش پێویستمان بە کاتە و دەبێت لێکۆڵینەوە بکەین.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: ناتوانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدەین

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بەیەکەوە بەدووردەزانێت. عیماد جەمیل،…
Total
0
Share