وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە گشت پڕۆگرامەکانی خوێندن و دەشڵێت، ئەو دەستەواژەیەی ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆ ئەمساڵ لە بەرنامەی خوێندن لادەبرێت و ساڵی داهاتووش لە چاپی نوێی کتێبەکە بوونی نابێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بابەتێکی ناو کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (10)ـی ئامادەیی بووە جێگەی ڕەخنە، وەک دوێنێش لە ڕوونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەکانی وەزارەتدا هاتووە کە ئەم بابەتە نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ (14) ساڵ لەمەوبەر کە لەناو ئەو کتێبەدا هاتووە لەم هەموو ساڵەش کەس ئاماژەی پێنەداوە.
ئاماژە بەوەشدەكات، لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە گشت پڕۆگرامەکانی خوێندن و ئەم پێداچوونەوانەش بە شێوەیەکی زانستی و پلەبەندی دەکرێت، وەزارەت زیاتر لە (1300) ناونیشانی کتێبی خوێندنی هەیە کە کاتی پێویستە بۆ پێداچوونەوە بە هەموو بابەتەکان.
وەزارەتی پەروەردە دووپاتیشیدەكاتەوە، “ڕێز لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو پێکهاتەکان دەگرین و کاری جدی بۆ دەکەین، بەڵام بەداخەوە هەندێکجار ئەو بابەتانە بەمەبەستی سیاسی و بە ئامانجگرتن لە کاتێکی دیاریکراودا دەوروژێندرین”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، لیژنە لە ئامادەسازیدان بۆ پێداچوونەوە بە کتێبی کوردی پۆلی (10)ـی ئامادەیی بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو بە گۆرانکاڕییەوە بخوێندرێت، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش لەسەر فەرمانی وەزیری پەروەردە ئەو دەستەواژەیە لە بەرنامەی خوێندن لادەبرێت و لە پۆلی (10)ـی ئامادەیی ناخوێندرێت و بۆ ساڵی داهاتووش لە چاپی نوێی کتێبەکە بوونی نابێت و فەرمانی وەزاریش بەم بابەتە دەردەچوێنرێت.
ئەو دەستەواژەیەی بڕیارەكەی وەزارەتی لەبارەوە دەرچووە و بووەتە جێگەی ڕەخنە، شیعرێكی دەروێشی عەڤدی-یە، کە داستانێکی کوردی ئێزدییە و تیایدا هاتووە، “حاشا دکەم ل دینێ (موحەمەدی) ساف ئەز (ئێزدی) مە”.