بەشێک لە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوە و داوای دابینکردنی خوێندن و پێداویستییە پزیشکییەکان دەکەن، سەرەڕای ئەوەی منداڵەکانیان بێناسنامەن و داوا دەکەن تۆماربکرێن.
یەکێک لە نوێنەری پەنابەرەکان بە میدیاكانی وت، “داوادەکەین شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی سوریا فراوان بکەن، مافە سەرەتاییەکانمان دابینبکەن، چونکە ئێمە پێشینەمان پاکە و هیچ کێشیەکەمان لە کوردستان دروستنەکردووە، ئەوەش ئەو بنەمایانەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەرج دایناوە”.
ڕەخنەی ئەوەشی هەبوو، “لە تورکیا، ئوردن و لوبنان مافی هاوڵاتیبوون دەدەن بە پەنابەران، كێشەی نیشتەجێبوون، تەندروستی، خوێندن و سەرجەم مافە بنەڕەتییەکانیان بۆ دابیندەکرێت، ڕەگەزنامە و ناسنامەیان پێدەدەن، خزمەتگوزاریی پزیشکی و چارەسەریان هەیە، خوێندنیان بۆ دابینکراوە، منداڵەکانی ئێمە لێرە چارەسەریان بۆناکرێت و خوێندنیان نییە، کە مافێکی سەرەتاییە”.
پەنابەرانی ڕۆژئاوا داوای ئەوەشیان كرد، لەكاتێكدا کۆمسیۆنی پەنابەران پارەیەكی زۆر دەدات بەناوی پرۆژەوە بۆ پەنابەران، “دەمانەوێت بێن ئەو پارەیە بدەن بۆ چارەسەری ئەو منداڵەنەمان کە پێویستییان بە پزیشکە، پێویستیان بە خوێندن و قوتابخانە و مامۆستایە”.
نیگەرانن لەوەی منداڵەكانیان کە ڕەگەزنامە و ناسنامەیان بۆناکرێت، دوای چەند ساڵێکی دیکە سەرجەمیان بێناسنامە دەمێننەوە، “لەدوای دە ساڵی دیکە دەبنە بێلانە و چەتە و ئالودەی مادەی هۆشبەر”.
ئەوان نەتەوە یەكگرتووەكانیان بە هۆكار زانی بۆ ئەوەی “منداڵی 25 هەزار ئاوارە بێناسنامە و بێخوێندن و بێخزمەتگوزاریی تەندروستی بمێننەوە”.
لەكۆتاییدا بە میدیاكانی باشووری كوردستانیان وت، “دەمانەوێت وەك مرۆڤ بژین”.