ئەمریکا دڵنیایی پاراستن دەداتە ئیسرائیل

دوای کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل و ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، پابەندن بە پاراستنی ئیسرائیل لە کێشە ناوچەییەکاندا.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، “گفتوگۆی ئەرێنیمان لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدا، ئەمریکا پابەنددەبێت بە پاراستنی ئیسرائیل لە هاوکێشە و ململانێ ناوچەییەکاندا”.

پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردبووەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی مانۆڕی سەربازی بۆ هێرشکردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گفتوگۆ دەکەن.

ساڵی 2015 ئێران و وڵاتانی زلهێز ڕێككەوتنێكیان بەناوی “ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی” واژووكرد وەك هەوڵێك بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر پەرەپێدانی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران، دەستكەوتی تاران لەو ڕێككەوتنە ئەوەبوو سزاكان لەسەری هەڵبگیرێن.

ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ تاكلایەنانە لە ڕێككەوتننامەكە كشایەوە و سزای ئابوریی زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش وڵاتەكەی تووڕە و وڵاتانی ئەوروپای نیگەران كرد.

ڕاگرتنی گفتوگۆكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا، لەلایەك دۆخی ئابوریی ئێرانیان خراپكرد، لە لایەكی تریشەوە تارانیان خستە دۆخێكەوە كە هەوڵی زیاتر بدات لەپێناو برەودان بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی و یۆرانیۆمی زیاتری پیتاند، كە خۆرئاوا دەڵێت نزیكبووەتەوە لە ڕادەی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی.

دوای نەوەستانی ئێران لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی و هەوڵی دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، ئیسرائیل بیر لە بژاردەی بەکارهێنانی چەک دەکاتەوە.

بابەتی پێشتر

ئالینا ڕومانوڤسکی، ئەو ژنەی باڵیۆزی داهاتووی ئەمریکایە لە عێراق

بابەتی دواتر

بۆچی هونەرمەندێکی فیلیپینی ناوی یاسەمین کوردییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share