مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: پێش چارەی خۆنوسین مافی مرۆڤ دروشمی یەکێتی بووە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە یادی 73 ساڵەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا ڕایگەیاند، یەکێتی لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ەکەوە لە یەکەمین کۆنگرەیدا چەمکی مافی مرۆڤی خستووەتەپێش دروشمی مافی چارەی خۆنوسین.

ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، ” گرنگیدان و پەرۆشی سەرۆک مام جەلال بۆ مافەکانی مرۆڤ بایەخێکی تایبەتی هەبوو ئەمەش بووە ناسنامەیەکی ترى ئەم زاتە مەزنە کە لە نێوەندە جیهانییەکاندا زۆر جار بە سەرکردە و شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕێکی داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیخوازی گشت چین و توێژەکان و مرۆڤدۆستی لە نێو گەلاندا بە نموونە دەهێنرایەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە سەرۆک مام جەلال ساڵی 1995 ی ناو نا ساڵی مافەکانی مرۆڤ و لە بڕیارنامەى پارێزەرانی جیهانیدا ئیمزاى دژ بە سزاى لە سێدارەدانی مرۆڤی کرد”.

بەیاننامەى مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادى 73 ساڵەى جاڕنامەى جیهانی مافەکانی مرۆڤدا

ئیمڕۆ کە جیهان یادى ئەو بۆنە گرنگەى جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە و بیر هەموو لایەکی دەهێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە و لە سەردەمی خەباتی پێشمەرگایەتییەوە پابەندى بەشێکی زۆری ئەو خاڵانە بووە و لە بەرنامە و پەیڕەویدا ئاماژەی پێکردووە و لە نەبەردی پێشمەرگانەی خەباتی رەوای چەکداریشدا شەڕێکی پاك و بە مۆرالی شۆڕشگێرانەی کردووە و مامەڵەی مرۆڤدۆستی لەگەڵ چەکدارە دیلەکانی رژێم و خەڵکی سیڤیلی بێگانە کردووە.

لە پاش راپەڕینی ساڵی 1991 و لە یەکەمین کۆنگرەی گشتیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک یەکەمین رێکخراوی رەوتی چەپ لە پێش مافی چارەى خۆنووسینەوە چەمکی مافەکانی مرۆڤی کردە یەکێک لە دروشمەکانی خۆی و بۆ زیاتر بەهەند وەرگرتنی ئەم چەمکە بڕیاریشدرا کە لە ئۆرگانەکانی حزبدا بەشێکی کارا بۆ مافەکانی مرۆڤ بکرێتەوە و ئیتر لەوە دەرچوو چەمکی مافەکانی مرۆڤ تەنها مۆرکی حزب و رێکخراوە بۆرژەوا و کۆنسێرڤاتیڤەکان بێت.

گرنگیدان و پەرۆشی سەرۆک مام جەلال بۆ مافەکانی مرۆڤ بایەخێکی تایبەتی هەبوو ئەمەش بووە ناسنامەیەکی ترى ئەم زاتە مەزنە کە لە نێوەندە جیهانییەکاندا زۆر جار بە سەرکردە و شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕێکی داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیخوازی گشت چین و توێژەکان و مرۆڤدۆستی لە نێو گەلاندا بە نموونە دەهێنرایەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە سەرۆک مام جەلال ساڵی 1995 ی ناو نا ساڵی مافەکانی مرۆڤ و لە بڕیارنامەى پارێزەرانی جیهانیدا ئیمزاى دژ بە سزاى لە سێدارەدانی مرۆڤی کرد.

لە پاش رووخانی رژێمی بەعس ئەم رۆڵەى سەرۆک مام جەلال لە نێو لایەنە ناکۆکە عیراقییەکاندا بوو بە هەوێنی ئەوەى کە هاوسەنگییەک لە نێوانیاندا بە جۆرێک رابگرێت کە عیراقییەکان نازناوی( صمام الامان ) ی پێ ببەخشن.

لەبەر ئەم هۆیانەیە کە جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لاى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەسپاوە . بۆیە ئێمە لە مەکتەبی سیاسی هەمیشە تەئکید لە پابەندبوون و پارێزگارى و لانەدان لە خاڵ و بڕگەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەینەوە و وەک ئەمانەتێکی راسپاردەى بەردەوامی سەرۆک مام جەلالیش لەم چەمکە دەڕوانین. شاهیدی ئەوەشمان لەم چەند رۆژەدا بە دەرکەوتووە و کە لەگەڵ بەرزبوونەوەى دەنگی ناڕازیی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکاندا وێڕاى پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران و رێگە لێنەگرتنیان، هەفاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی دوو جار و بۆ چەندین سەعاتی دور و درێژ لەگەڵ نوێنەرانی خوێندکارە ناڕازییەکان کۆبۆوە و لە نزیکەوە گوێی بۆ داواکانیان گرت و بە چەند قۆناغێک بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی نێو بەشە ناوخۆییەکان و ناو بەش و کۆلیژ و کرێی هاتوچۆ یان پاسی بۆ خوێندکاران دابین کرد. کە هەموو ئەوانەش رەنگدانەوەى ئەو سیاسەتەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیادەى دەکات کە مافەکانی مرۆڤ تەنها بە نووسین وەرنەگرتوووە و بەڵکو بە کرداریش لەگەڵ چین و توێژەکاندا پیادەى دەکات.

 جارێکی تر لە یادى تێپەڕبوونی 73 ساڵەى جاڕنامەى جیهانی مافەکانی مرۆڤدا بۆ هەموو لایەکی دووپاتدەکەینەوە کە خۆمان بە پارێزەرى بەند و خاڵەکانی ئەو جاڕنامەیە دەزانین کە لە پێناوی مرۆڤایەتیدا نووسراوەتەوە و هیوای ژیانێکی پڕ لە ئۆقرەیی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەخوازین کە لە گشت مافەکانیان بێبەش نەبن، هەروەها لەم یادەدا تەئکید لەوە دەکەینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگیریی لەسەر خەباتی نەپساوە دەکات بۆ پاراستن و پارێزگارى لە مافەکانی مرۆڤ و کە تێیدا ئازادییە سیاسیەکان و ئازادى رادەربڕین و سەربەخۆیی و بێلایەنی دادگەرى فەراهەم کرابێت.

 مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان

 10ى کانوونی یەکەمی 2021

بابەتی پێشتر

دوای ساڵێك پێشمەرگە ئۆتۆمبێلێکی دزراوی لای داعش دۆزییەوە

بابەتی دواتر

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share