موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، گومان دەخاتەسەر هێرشەكانی داعش بۆسەر دەوروبەری مەخموور و تەقینەوەكەی دوێنێی بەسڕە و دەیانبەستێتەوە بەو ململانێیەی لەسەر كورسیی پەرلەمانی لە عێراق لەئارادایە، جارێكی تریش پێداگیری دەكات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان.
موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا كە كەمێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە دەڵێت، “گەڕانەوەی تیرۆر كە لە داعشدا خۆی دەنوێنێت بۆ ناوچەی مەخموور و ئەو تەقینەوە سیاسییانەی لە پارێزگای بەسڕە ڕوویاندا و ئەو تیرۆركردنانەی لێرە و لەوێ دەكرێن، ئاماژەن بۆ بە قەیرانبوونی دۆخی سیاسی و پەنابردنیان بۆ توندوتیژی، ئەم ڕووداوانە ئەو دەستدرێژییانانەمان بیردەخەنەوە كە بەر لە هەڵبژاردن كرانەسەر نەخۆشخانەكان”.
سەدر ڕایگەیاندووە، “ئەمە وڵات و گەل پەلكێشی مەترسی دەكەن لەپێناو هەندێك كورسیدا و وادەخوازێت جەختبكەینەوە لەوەی چەك تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت و كاری جددی بكرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو میلیشیا لەدەستدەرچووەكان كە چەك خراپ بەكاردەهێنن بە پاساوی بەرگری یاخود هەر بیانوویەكی تر، تەنانەت ئاماژەیە بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ڕۆچوونی بە جومگەكانی دەوڵەتدا و ئەوەش واپێویست دەكات مكوڕتر بین لەسەر بەگژداچوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانییەوە ئیدی بكەرەكەی هەر كەسێك بێت و سەر بە هەرچ لایەنێك بێت”.
لە درێژەی تویتەكەیدا موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر دەڵێت، “ئەگەر چارەسەر بۆ ئەوانە نەدۆزرێتەوە، ئەوا (حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی) ئەو ئەركە لە ئەستۆدەگرێت و بە هەموو هێزێكەوە و لەژێر پەردەی یاسادا ئەو كارە دەكات و بەهیچ جۆرێك كەسی لێهەڵاوێرد ناكات”.
لە كۆتاییدا سەرۆكی ڕەوتی سەدر داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات “لێكۆڵینەوە لە ڕاستییەكانی پشت ئەو كارە تیرۆریستییانە بكەن”.