یەكەم ڤاكسینی ڕووەكیی دژەكۆرۆنا چاوەڕێی پەسەندكردنە

یەكەم ڤاكسینی ڕووەكیی دژەكۆرۆنا دروستكرا و چاوەڕوانی پەسەندكردنێتی لەلایەن ئەمریكا و كەنەدا و بەریتانیا و ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە.

هەردوو كۆمپانیای “میدیكاگۆ” و “گلاسكۆ سمیس كڵاین” كە تایبەتن بە دروستكردنی دەرمان، دروستكردنی یەكەم ڤاكسینی ڕووەكییان ڕاگەیاند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا.

ئەو دوو كۆمپانیایە دەڵێن، “ئەنجامی ئەرێنییان دەستكەوتووە لەسەر كارایی و سەلامەتیی ڤاكسینەكە” كە دەبێتە یەكەم ڤاكسینی ڕووەكیی دژەكۆرۆنا لە جیهاندا، وەك ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردووەتەوە.

دروستكەرانی ڤاكسینەكە، ئەو ڤاكسینەیان لەسەر 24 هەزار كەس تاقیكردووەتەوە كە خەڵكی شەش وڵات بوون و دەركەوتووە ڤاكسینەكە بەڕێژەی نێوان 71 و 75.3% كاریگەریی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا.

هەردوو كۆمپانیای “میدیكاگۆ” و “گلاسكۆ سمیس كڵاین” دەڵێن، هێشتا ناوێكی بازرگانییان بۆ ڤاكسینەكە دەستنیشان نەكردووە بەڵام وەك ناوێكی سەرەتایی بە “CoVLP” ناوزەدی دەكەن.

بریان وارد بەرپرسی پزیشكی لە كۆمپانیای “میدیكاگۆ” بە ڕۆژنامەكەی وتووە، گونجاونییە ڤاكسینەكە بە ڕووەكی ناوببرێت، چونكە ئەو ڕووەكانەی لە دروستكردنیدا بەكارهاتوون، تەنها ڕۆڵی زیندە كارلێككەر دەگێڕن.

دەشڵێت، بەمنزیكانە ڕاپۆرتێك لەبارەی ڤاكسینەكەوە دەدەن بە وەزارەتی تەندروستیی كەنەدا و ڕێككارەكانیشیان دەستپێكردوون بۆ ئەوەی ڤاكسینەكە لەلایەن كارگێڕیی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا و ئاژانسی ڕێكخستنی دەرمان و بەرهەمەكانی چاودێریی پزشكیی بەریتانییەوە پەسەندبكرێت.

كۆمپانیای “میدیكاگۆ” لەبارەی هەوڵەكانی بۆ ناساندنی ڤاكسینەكەی و دانپێدانان و پەسەندكردنییەوە بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیدا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ڤاكسینی “CoVLP” بە فەرمی وەك ڤاكسینی دژەكۆرۆنا بناسێندرێت و پەسەندبكرێت بۆ بەكارهێنان.

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، “ئەو ڤاكسینانەی لە ڕووەك دروستدەكرێن، چەندین تایبەتمەندێتییان هەن، زیانی لاوەكییان لەسەر مرۆڤ كەمترە و دەتوانرێت بۆ ماوەیەكی درێژتر هەڵبگیرێن، سەرباری ئەوانەش نرخیان هەرزانترە و دەتوانرێت ژمارەیەكی زۆریان لێدروستبكرێن”.

بابەتی پێشتر

ژەهری دووپشك.. مەترسیدار و گرانبەها

بابەتی دواتر

لە پەرلەمانی توركیا پێكداهەڵپژان لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی دەسەڵاتدار و هەدەپە ‏هاتەئاراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share