پەرلەمانتارێک: ئەو پارەیەی بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە لای حکومەتە نزیکەی سێ تریلیۆن دینارە

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران نایاساییە و پێچەوانەی دوو یاسایە کە بە مافێکی بنەڕەتییان داناوە.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا عومەر گوڵپی ڕایگەیاند، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بەپێی هەردوو یاسای ڕاژەی شارستانیی ژمارە 24ی ساڵی 1960 ژمارەی 22ی 2004  مافێکی یاسایی جێگیرکراوە بەوپێیە هەر فەرمانبەرێک دوای چوار ساڵ خزمەت یان پێنج ساڵ خزمەت دەبێت پلەیان بەرزبکرێتەوە.

هەروەها بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەبڕیارێکی نایاسایی دانا، کە لەساڵی 2016ـەوە ڕاگیراوە.

ئاماژەی بەوەکرد، لەوکاتەوە کە ڕاگیراوە بەشێک لە فەرمانبەران کاتی پلەبەرزکردنەوەیان بووە، تائێستا دوو پلەیان فەوتاوە، زۆرینەی فەرمانبەرانیش لانیکەم پلەیەکیان فەوتاوە.

سەبارەت بەبڕی پارەی فەرمانبەران کە لای حکومەتی هەرێمە ڕایگەیاند، بڕی پارەی هەر پلەبەرزکردنەوەیەک بەپێی ئاست و پلەی فەرمانبەرەکە 60 تا 300 هەزار دینارە.

بەمەش کۆی ئەو بڕە پارەیەی لە دوای 2016ـەوە بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەوە لای حکومەتی هەرێم کۆبووەتەوە نزیکەی سێ تریلیۆن دینارە.

باسی لەوەکرد، کە ئەگەر لە ساڵانی پێشوودا پاساوێکی بچوک هەبووبێت بۆ ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە لەئێستادا هیچ پاساوێک نییە و داهات لەهەموو سەرچاوەکانەوە زیادبووە.

بەپێی ئەو پەرلەمانتارە، ئێستا کە لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆش پلەبەرزکردنەوە دەستیپێکردووە، ستەم لە پلەبەرزکردنەوەکاندا هەیە بەشێک لەو پێشمەرگانەی لەسەنگەرەکانن تائێستا پلەبەرزکردنەوەی 2016 تا 2020 یان بۆنەکراوە.

وتیشی، زیانەکانی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە تەنها بۆ فەرمانبەرانی ئێستا نییە بەڵکو ئەوانەی خانەنشین دەکرێن زیانی گەورەیان بەردەکەوێت چونکە بەو پلەیە خانەنشین دەکرێن کە تێیدان نەک پلەی شایستەیان، کە ساڵانە پێنج هەزار فەرمانبەری خانەنشین زیانێکی گەورە دەکەن.

بابەتی پێشتر

ئەڵمانیا ڕاوێژکاری نوێی لەجێگەی ئەنگێلا مێرکڵ دیاریکرد

بابەتی دواتر

مەحمود سەنگاوی لەبارەی دەنگۆی دوورخستنەوەی قسەی بۆ ئێستا كرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share