لە (72) کاتژمێری داهاتوودا جەنگی نێوان ڕیاڵ و ڕایەڵەی لالیگا یەکلاییدەبێتەوە

بەرپرسانی تۆپی پێی ئیسپانیا چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی یانەکانی خولی پلە یەک و دووی ئیسپانیان، لەبارەی ئۆفەرێکی سندوقی وەبەرهێنانی (CVC)یەوە، بەڵام چوار یانە پێشنیازەکان ڕەتدەکەنەوە.

ڕایەڵەی یانەکانی لالیگا بە سەرپەرشتیی خاڤیێر تیباس، سەرۆکی ڕایەڵەکە لە ماوەی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ سندوقی وەبەرهێنانی (CVC)دا کرد، لە ئەگەری قایلبوونی سەرجەم یانەکانی خوولی پلە یەک و دووی ئیسپانیا، خوولەکە بەبڕی دوو ملیار و 700 ملیۆن یورۆ قەرزی پێدەدرێت، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە، یانەکانی ڕیاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، ئەتلەتیک بلباو، ڕیاڵ ئۆڤیدۆ ڕەزامەندییان نیشاننەداوە، بگرە دژایەتیشیان کردووە و دەیانەوێت شکست بە پرۆسەکە بهێنن، چونکە ئەوان پێیانوایە ئەو بڕە بەرامبەر ٪11ی داهاتی پەخشی تەلەڤیزیۆنی لالیگایە بۆ ماوەی 50 ساڵ کە ئەوەش بڕێکی زۆرە (نزیکی 900 ملیۆن یورۆ دەکات).

لە بەرامبەردا فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی شاهانە پێشنیازی ڕێککەوتنێکی دیکەی کردووە لەگەڵ کۆمپانیاکانی، بانکی ئەمریکا، “ئێچ ئێس بی سی”، گروپی “جەی پی مۆرگان” بەبڕی قەرزی دوو ملیار یورۆ بەرامبەر بە قیستی ساڵانە بەبڕی 150 ملیۆن، کە ئەوەش دانەوەی ئاسانترە، کەمتریشە.

خاڤیێر تیباس، لە وەڵامی جموجۆڵەکانی یانەی شاهانەدا زۆر بەتوندی وەڵامیداوەتەوە و دووپاتیدەکاتەوە، هەنگاوەکانی پێرێزی سەرۆکی ڕیاڵ بۆ تێکدانی بیروبۆچوونی یانەکانی دیکەن، هەروەها چوار یانە ناڕازییەکەی بە بێڕێز بەرامبەر یانەکانی دیکە ناوبردووە.

جەنگی نێوان چوار یانە یاخییەکە بەسەرۆکایەتیی پێرێز تاوەکو 72 کاتژمێری دیکە یەکلاییدەبێتەوە، چونکە لەو وادەیەدا یانەکان ناچارن بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن.

بابەتی پێشتر

ناگیلسمان بە پێکهاتەی یەدەگەوە ڕووبەڕووی بەرشلۆنە دەبێتەوە

بابەتی دواتر

ئیبراهیمۆڤیچ: جارێ ئامادەنیم و دەترسم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share