ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، پاش هەڵپەساردنی پەیوەندییەکانیان بەهۆی جەنگەوە، گەیشتنە لێکتێگەیشتن و چوارچێوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانیان، پاش ئەم رێککەوتنە نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت دەستبکاتەوە بە چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئاژانسی فرانس24ی فەرەنسی بڵاویکردەوە، ئێران قایلبووە لەگەڵ دەستەی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وزەی ئەتۆم، بگاتە لێکتێگەیشتن و هەماهەنگییەکی نوێ، هاتنەکایەی ئەم لێکتێگەیشنە نوێیەش پاش ئەوەدێت، بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، کاروباری ئاژانسەکە لە ئێران هەڵپەسێردرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتنەکە لە قاهیرەی پایتەختی میسر ئەنجامدراوە و، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم واژوویان لەسەر رێککەوتنەکە کردووە.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لێتێگەیشتنەکان لەنێوان ئێران و ئاژانسەکەدا، دەرگا بە رووی چوارچێوەیەکی نوێی کرداریی دەکاتەوە بۆ درێژەدان بە هەماهەنگی زیاتر نێوان هەردوولا، ئەم لێکتێگەیشنەش بە رێزگرتن لە سەروەریی ئێران و چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکان، دێتەدی.
لای خۆیشییەوە، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم وتی، ئێران هەنگاوە راستەکەی گرتووەتەبەر و دەرگایەکی نوێی بە رووی خۆیدا کردەوە.