پاپا دەرگای ڤاتیكان بەڕووی كۆچبەراندا دەكاتەوە

ئەركی گواستنەوەشیان لەئەستۆدەگرێت

پاپا فڕانسیس “پشتگوێخستنی” كۆچبەران لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە ئیدانەدەكات و ڤاتیكانیش دووپاتیدەكاتەوە كە ژمارەیەك لە خوازیارانی مافی مانەوە لە قوبرسەوە بۆ ئیتاڵیا دەگواستێتەوە، لە دەستپێشخەرییەكدا بۆ نیشاندانی هاوهەڵوێستی لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی پێشوازییان لە ژمارەیەك لە كۆچبەران كردووە.

دەستپێشخەرییەكە بەشێوەی فەرمی لە دووەم ڕۆژی سەردانەكەی پاپا بۆ قوبرس ڕاگەیەندرا.

ڤاتیكان وتی، كۆمەڵەی سانت ئیگیدیۆ كە بارەگاكەی لە ڕۆمایە، گواستنەوەی خوازیارانی مافی پەنابەری لە قوبرسەوە بۆ ئیتاڵیا لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕێكخستووە و لە سەرەتادا 12 كەس دەگواسترێنەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی قوبرس سوپاسی پایا فرانسیسی كرد بۆ دەستپێشخەریی گواستنەوەی 50 كەس و دانی بەوەدا نا كە قوبرس توانای بەردەوامیدان بە پێشوازیكردن لە پەنابەر و كۆچبەرانی نییە.

ئاشكراشیكرد، ئەو كۆچبەرە كامیرۆنی-یانەی لە ناوچەی دابڕاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ناسراو بە هێڵی سەوز ماوەی شەش مانگە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە لەنێو ئەو 50 كەسەدا دەبن كە دەگواسترێنەوە.

پاپا لە وتەیەكیدا هیچ ئاماژەیەكی بە دەستپێشخەرییەكە نەكرد، بەڵام ڕوونیكردەوە، وڵاتان پابەندیی ئەخلاقییان هەیە بە وەرگرتنی ئەوانەی لە جەنگ و ستەم و سەركوتكردن هەڵدێن، لەكاتێكدا زۆرێكیان ڕووبەڕووی تەلبەندە دڕكاوییەكانی سەر سنوور دەبنەوە بەر لە ڕەتكردنەوە و گەڕاندنەوەیان.

لە ئاماژەیەكیشدا بۆ گرفتی كۆچبەران لەسەر سنوورەكانی پۆڵەندا و بیلاڕوسیا پاپا بێزاری خۆی لە “شارستانییە پێشكەوتووەكانی ڕۆژئاوا” نیشاندا بەهۆی ڕەتكردنەوەی قبوڵكردنی كۆچبەران و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتانیان كە تیایدا “دەستبەسەردەكرێن و ئەشكەنجە و بە كۆیلە دەكرێن”، وەك ئەوەی پاپا دەیڵێت.

بابەتی پێشتر

تەندروستییەکی باش پێویستی بە چییە؟

بابەتی دواتر

جۆرج قرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان دەستی لەکارکێشایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share