بلومبێرگ: واشنتن لەپێناو نرخی وزە هەوڵی ئاساییکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ سعودیە دەدات 

پێگەی بلومبێرگی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەوڵی هێورکردنەوەی گرژییەکاندایە لەگەڵ سعودییە بەتایبەت لە بواری وزە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

پێگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، واشنتن چاوی لە دووبارە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانە بۆ دۆخی ئاسایی لەگەڵ وڵاتانی ئۆپیک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتیش سعودیە کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا.

عاموس هۆکستین گەورە ڕاوێژکاری ئەمریکی لەبواری ئاسایشی وزەی جیهانی دوێنێ سێشەممە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەرپرسانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیاندا وەزیری وزەی سعودیە ئەنجامدا.

ئەو کۆبوونەوانە دوای ماوەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ڕیاز دێت، کە بەهۆیەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری بەکارهێنانی 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە یەدەگی ستراتیژیی وڵاتەکەی دا کە بەهەنگاوێکی مێژووی دادەنرێت، بریارەکەی بایدن لەپێناو هێنانەخوارەوەی نرخی نەوتدا بوو دوای ئەوەی ئۆپیک پڵەس مانەوەی لەسەر پابەندبوون بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگەیاند و ڕەتیکردەوە لەپێناو دابەزینی نرخی نەوتدا بەرهەمهێنان زیادبکات.

پاڵاوگە نەوتییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا ناتوانن بڕی وزەی پێویستی ئەمریکا دابینبکەن، بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستییانە ئەمریکا پشت بە بەرهەمهێنانی بیانی دەبەستێت.

هۆکستین دەڵێت، “گفتوگۆمان لەبارەی ئەو بوارانە کرد کە دەکرێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سعودیە تێیدا هاوبەشیی لە وەبەرهێنانی وزە و هەماهەنگی بۆ بونیادنانەوەی وزەی پاک لە سەدەی بیست ویەکدا بکەن”.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئۆپیک پڵەس کۆبوونەوەکانی لەبارەی سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی کانونی دووەمدا دەستپێبکات، لەکاتێکدا ئێستا نرخی نەوت زیاتر لە 15 دۆلار نرخەکەی دابەزیوە لەدوای دەرکەوتنی گۆراوی ئۆمیکرۆنەوە.

پێشتر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، سعودیە و ڕوسیا لەپلانیاندایە بۆ ڕاگرتنی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت کە برەکەی 400 هەزار بەرمیلە لەڕۆژێکدا.

بابەتی پێشتر

ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى كوردستان خۆپیشاندانى خوێندكاران تاوتوێده‌كات

بابەتی دواتر

ئۆمیکرۆن.. گۆڕاوێکی مەترسیدار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share