بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لێبوردن لە خوێندكاران دەكات بەهۆی “ئەو توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا”، بەڵێنیان پێدەدات لە نزیكەوە لەگەڵ ئەو توێژە كاربكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.
لە پەیامێكدا بافڵ جەلال تاڵەبانی نووسویەتی، “ئەو توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا زۆر نیگەرانی کردم، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە کوڕ و کچ و خوشک و براکانم دەکەم، کە بە ئومێدەوە بەرەو داھاتوویەکی گەش ھەنگاودەنێن لەپێناو نەکوژانەوەی چرای زانست و بژێویی ژیانیان و لەسەر شەقام داوای قوت و مافی خۆیان دەکرد”.
داوای لە خوێندكاران كردووە بۆ ھەر داواکارییەک پەنا بۆ ڕێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و یاساشکێنی، دەشڵێت، “ڕێمەدەن کەسانی ھەلپەرست داوا ڕەواکانی ئێوە بە لاڕێدا بەرێت، ئەمە خزمەت بە خواستەکانتان ناکات، داوام وایە قەت ئەم ڕێگایە ھەڵنەبژێرن و بیری لێنەکەنەوە”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڵێنیش بە خوێندكاران دەدات “گۆڕانکاری گەورە دەکەین لە پێناو داھاتووی ئێوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەمەودوا نزیکتر لەگەڵ توێژی گەنجان و خوێندکاران پێکەوە کاردەکەین لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان بۆ ھەر داھێنان و سەرکەوتنێک، داکۆکیکاری بەدیھێنانی ئاواتەکانیشتان دەبم”.
پێشتریش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهەمانشێوە داوایلێبوردنی لە خوێندكاران كردبوو بەهۆی توندوتیژییەكانی خۆپیشاندانەكان.